دادگای فیدراڵی فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سێ یاسای دەرکرد

دادگای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەکی کاتی، فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک دەرکرد.
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، دادگای فیدراڵی دەڵێت: ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکان، ڕێکارێکی کاتییە بۆ جیاکردنەوەی ئاستی دەستووری یاساکان لە پرسی سکاڵاکان و بەراودکردنیان بە دەستوور و ڕێگەپێدانەکانی.
سێشەممەی ڕابردوو 21ـی کانوونی دووەمی 2025ـ پەرلەمانی عێراق بەپێی بەرنامەی کاری خۆی لە بڕگەی یەکەمدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای پێشنیازی باری کەسی ژمارە(188)ـی ساڵی 1959 بۆ هەردوو ماددەی(2 و 10) دا، بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەش کرایە دەنگدان لەسەر ماددەی(5)ـی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و دەنگی لەسەر درا، لە بڕگەی سێیەمیشدا، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەموواری دووەمی لێبووردنی گشتی ژمارە(27)ـی ساڵی 2016 درا.
دەنگدان لەسەر ئەو یاسایانە، ناڕەزایی بەشێک لە لایەن و پێکهاتەکانی لێکەوتەوە، لەوانەش ئێزدییەکان کە پێیان وابوو ئەو داعشانەی دەستییان هەبوو لە ڕفاندنی ئێزدییەکان، بەر لێبووردنی گشتی دەکەون کە دەبووا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادگایی بکرێن.
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی: یاسای لێبووردنی گشتی، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە خەڵکیان ڕفاندووە و نەیانکوشتوون، بەتایبەتیش ئەو داعشانەی چوار بۆ پێنج ئافرەتی ئێزدیان ڕفاندووە و لە بازاڕەکاندا فرۆشتوویانەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئافرەتانیش، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرامبەر تێپەڕکردنی یاسای باری کەسی بەرز کردەوە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی جاودێری مافەکانی مرۆڤ نیگەرانییەکی زۆریان لە هەموارکردنە پێشنیار کراوەکان دەربڕی و هۆشداریشیان دا کە لەوانەیە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا تێکبدات.
موساوە، بزووتنەوەیەکی جیهانی بۆ یەکسانی و دادپەروەرییە لە خێزانە موسڵمانەکاندا، سەرکۆنەی تێپەراندنی ئەو پرپژە یاسایەی داوە و جەختی لەوە کردەوە، کە پێچەوانەی بنەما ئیسلامییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، یونیسێف، کۆواری زانستی گلۆبال هێلت ریپۆرتس، کۆواری دایکایەتی و وەچەخستنەوە، پەیمانگەی تەندروستی نیشتیمانی ئەمەریکی، گلۆبال هێلث ئەکیوبیتەر، هۆشداریی دەدەن کە هاوسەرگریی منداڵان هەڕەشەی رژدە لەسەر تەندروستی کچان، بەو پێیە لە ڕووی جەستەیی و هەستی و نەستی ئامادەی کرداری سێکس و دایکایەتی نین، وێڕای ئەوەی منداڵەکانیان لەبار دەچێت و نەوەیەکی ناتەندروست دەخەنەوە، هەروەها ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، لەو کاتەی بەدەم گەشەی جەستەییەوە و لە ئەرکی هاوسەر و دایکایەتیش تێناگەن.