ئەردۆغان: لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ سووریا پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا

سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شەرع ئەرێنی بوو، هاوکات ئامانجمان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە و، پاڵپشتیی وڵاتەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان دەکەین.

سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕایگەیاند: خەڵکی سووریا خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن، ئێمە لە قۆناغی نوێدا پاڵپشتی و هاوکارییان دەکەین.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، ئەم سەردانە مێژوویەی ئەمڕۆی شەرع بۆ وڵاتەکەیان دەبێتە هۆی هەماهەنگییەکی نوێ و برایەتییەکی نوێ لەنێوان هەردوولادا.

جەختی لەوە کردەوە، لە ئاییندەدا سەردانەکان و دیدارەکانی نێوانیان قووڵتر دەبنەوە. گوتیشی: "ئامانجمان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە، هەروەها بۆ مەبەستی سەقامگیری سیاسی و ئابووری ئامادەی هەر هەنگاوێکی ئەرێنین."

ئەردۆغان، باسی لەوەش کرد، پاڵپشتیی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان دەکەین، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی وڵاتەکە و ناوچەکەمانە، هەروەها ‌هێزەکانی خۆمان یەک دەخەین و پێکەوە خەبات دەکەین.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، دەبێت حکوومەتی سووریا ئامێزی بۆ تەواویی پێکهاتەکان بکاتەوە، هەروەها پێویستە ژێرخانی ئەو پارێزگایانەی کە وێران بوونە دووبارە بنیادبنرێنەوە و ئێمەش ئامادەی هەموو هاوکارییەکین.

لەبارەی سزاکانی سەر سووریا، سەرۆک کۆماری تورکیا، دووپاتی کردەوە، پاڵپشت و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەموو گەمارۆکانی سەر سووریا لابدرێن. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە وڵاتانی عەرەبیش هاوکاری سووریا بکەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا

ئەحمەد شەرع: گەلی سووریا هەرگیز پاڵپشتییەکانی تورکیا لە یاد ناکات

لای خۆیەوە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، وێڕای سوپاسکردنی ئەردۆغان لە بەرانبەر ناردنی بانگهێشتنامە تا سەردانی تورکیا بکات، گوتی: خەڵکی سووریا هەرگیز هەڵوێستی بوێرانەی تورکیا لە یاد ناکات.

باسی لەوەش کرد، خوێنی خەڵکی سووریا و تورکیا تێکەڵ بووە ئەمەش بووەتە مایەی سەرکەوتن بۆ هەردوولا. هاوکات هەردوو وڵات پەیوەندییەکی مێژوویی و کولتوورییان پێکەوە هەیە.

جەختی لەوەش کردەوە، دەیانەوێت لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر بکەن.

لەبارەی پرسی ئەمنی، شەرع دووپاتی کردەوە، لەپێناو سەقامگیری ئەمنی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان، دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بەردەوام بێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، شەرع، بانگهێشتی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی سووریا بکات.

ئەمە یەکەم سەردانی ئەحمەد شەرعە بۆ تورکیا و دووەمین سەردانیشە بۆ دەرەوەی وڵات لەوەتەی بە سەرۆکی نوێی سووریا دانراوە.

سێشه‌ممه‌، 4ـی شوباتی 2025، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ر له‌ سووریا به‌ یاوه‌ری ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیاوه‌ پێشوازییان لێ كرا.

دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، فەخرەدین ئاڵتوون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کرده‌وە، ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی نوێی سووریا سەردانی ئەنقەرە دەکات.