له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌كردن له‌ قوتابخانه‌یه‌كی سویددا نزیكه‌ی 10 كه‌س كوژران

پۆلیسی سوید
پۆلیسی سوید

پۆلیسی سوید ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ته‌قه‌ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی شاری ئۆریبرۆ كراوه‌؛ ده‌شڵێت، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌دا كوژراو و بریندار هه‌یه‌.

سێشه‌ممه‌، 4ـی شوباتی 2025، ڕۆبێرتۆ ئێد فۆرست، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شاری ئۆریبرۆی سویدی له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر قوتابخانه‌ی شاره‌كه‌یاندا، نزیكه‌ی 10 كه‌س كوژراون.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شاری ئۆریبرۆی سویدی گوتیشی، زانیارییان نییه‌ كه‌ ئاخۆ ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هیچ گرووپێكی چه‌كداری و چه‌ته‌یییه‌وه‌ هه‌یه‌ یاخو نا. باسی له‌وه‌ش كرد، تا ئێستا ڕوون نییه‌ بریندارانی هێرشه‌كه‌ ژماره‌یان چه‌نده‌.

هاوكات كه‌ناڵی (Tv4)ـی سویدی ڕایگه‌یاندووه‌، ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ ته‌مه‌نی 35 ساڵه‌ و پۆلیس هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی له‌ شاره‌كه‌. ئه‌و كه‌ناڵه‌ ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ مۆڵه‌تی چه‌كهه‌ڵگرتنی هه‌یه‌ و پێشینه‌ی تاوانیشی نه‌بووه‌.

سێشه‌ممه‌، 4ـی شوباتی 2025، پۆلیسی سوید ڕایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ته‌قه‌ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی شاری ئۆریبرۆ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و وڵاته‌ كراوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا چوار كه‌س ده‌ستبه‌جێ بریندار بوون.

پۆلیسی سوید هه‌روه‌ها ڕوونی كردبووه‌وه‌‌، چه‌ند خوله‌كێك دوای برینداربوونی چوار كه‌سه‌كه‌، كه‌سێكی دیكه‌ش بریندار بوو. 

پۆلیسی سوید ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی برینداره‌كان و ئاستی برینه‌كانیان نه‌كردبوو‌، به‌ڵام ڕایگه‌یاندبوو‌، دوای ڕووداوه‌كه‌ به‌ خێرایی گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌م باره‌وه‌ ده‌ست پێ كردووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌رده‌وامن و داوایان له‌ هاووڵاتییان كردووه‌ له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌.