پارێزگاری نەینەوا دژی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی دێتە دەنگ

پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند: سبەی دەوامی فەرمی لە پارێزگاکە، وەک ناڕەزایتییەک دژی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دەکەینە پشوو.
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هاتە دەنگ و گوتی: وەک ناڕەزایەتییەک دژی بڕیارەکە، سبەینێ لە پارێزگای نەینەوا دەوامی فەرمی نابێت و دەکرێتە پشوو.
هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی، فەرمانێکی وەلائی دەرکرد و بڕیاری دا بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبووردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان.
هەر لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە، هاوپەیمانیی سیادە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سەرەڕای ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام ڕاگرتنی بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی تووشی شۆکی کردین.
هاوپەیمانییەکە دەڵێت: یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ ڕێککەوتنی سیاسی کە هێزە نیشتمانییەکان لەسەری ڕێککەوتوون یەکدەگرێتەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، یاساکە ماف بۆ خاوەنەکانی و متمانەی نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگێڕێتەوە.