دیاردەی بەشەڕدانی ئاژەڵان کۆتایی نەهاتووە

سەڕەرای ئەوەی بە یاسا قەدەغە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیاردەی بەشەڕدانی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بەردەوامە و گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستانیش، بە ناشەرعی ناوی دەبات.
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، فەرمان فازڵ، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاژەڵدۆستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دیاردەی بە شەڕدانی ئاژەڵ و پەلەوەر، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کۆتایی پێ نەهاتووە، بەتایبەتی لەنێو ئاغا و بەگەکان و لە چەندین دەڤەری جیاوازدا هەیە.
فەرمان فازڵ، گوتیشی: ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن، زۆرینەیان گرەو لەسەر پارەیەکی زۆر یان ئوتۆمبێل و چەند شتێکی گرانبەهای دیکە دەکەن، لە شوێنی تایبەت گۆڕەپانیان بۆ دروست دەکەن، کاتێک ئەو ئاژەڵانە بەشەڕدێن، تاوەکو خەڵتانی خوێن نەبن یان مردار نەبنەوە، وازیان لێ ناهێنن.
لەسەر ئەم دیاردەیە، چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، د.عەبدوڵلا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئایینی ئیسلام بەردەوام جەخت لە پاراستنی هەموو گیانلەبەرێک دەکاتەوە و دژی بەشەڕدان و ئازاردانییانە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە فەتوا ئەوەی قەدەغەی کردووە.
بە شەڕدانی دوو ئاژەڵ، یان پەلەوەر بە یاسا لە هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە، یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان لە29ـی تشرینی دووەمی 2022، بە دەنگی 71 پەرلەمانی پەسەند کرا.
وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێم، لە 19ئاداری 2023 بە ژمارە 299ـی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستانی بڵاو کرایەوە تێیدا هاتووە، هەرکەسێک دوو ئاژەڵ یان دوو پەلەوەر بەشەڕ بدات، بە مەبەستی کوشتن یان زیانگەیاندن پێیان، ئەوا سزا دەدرێت بە پێبژاردنێک کە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.