سەنتەری میترۆ داوای ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دەكات

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند: ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دوای ئەوەی سەردانی بنکەی پۆلیسی سەرچنار دەکات، دەستگیر دەکرێت و بڕیار دەدرێت تا 9ـی ئەم مانگە لە گرتووخانە بهێڵدرێتەوە. هاوڕێیەکی گوتی: بازیانی بە نەهاتن بەدەم داوا یاساییەكەیەوە كە لە دژی جوڵێنراوە تۆمەتبار کراوە، لە كاتێكدا كە ئاگادار نەكراوەتەوە.
چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، سەنتەری میترۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە كە ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، پاشان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە و دادوەرەری لێكۆڵینەوەش بریاریداوە بە مانەوەی لە گرتوخانە تا ڕێکەوتی 9ی شوباتی 2025.
سەنتەری میترۆ، دەڵێت: هەردوو ڕۆژنامەنووس سەردەشت حەمە ساڵح و دانا ساڵح، چوون بۆ سۆراغی هاوڕێكەیان لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی كە دەكەوێتە ناو بارەگای فەرماندەیی و ڕێگەیان پێنەدراوە بیبینن.
سەردەشت، گوتی: پاش بنكەی پۆلیسی سەرچنار براوە بۆ دادگای كەتنی یەك دادوەر بڕیاری مانەوەی داوە تا 9ی شوبات. هەروەها پێی گوتراوە نەهاتووی بەدەم داوا یاساییەكەتەوە كە لە دژی جوڵێنراوە، لە كاتێكدا كە ئاگادار نەكراوەتەوە.
سەنتەرەکە ڕوونی کردەوە، لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـدا لە هیچ بڕگەیەكیدا باسی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی نەكردوە، بە هۆی كارەكەیەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە پێی شارەزایانی یاسای بڕیاری مانەوەی تۆمەتبار، لە كاتێكدا دەدرێت كە مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، یان گەرەنتی بەردەستبوونی بۆ بەردەم دادگا لاواز بێت، كە ئەمە بەسەر ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی جێبەجێ نابێت.
هاوکات سەنتەری میترۆ داوا دەكات، دەستبەجێ بە كەفالەتی شوێنی كاركردنی ئازاد بكرێت و رەچاوی ئەوە بكرێت كە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیرورا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. دەشڵێت: هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای ڕۆژنامەگەری ناگرێتەوە.