ئیمانوێل ماکرۆن پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرد

ئەحمەد شەرع و ئیمانوێل ماکرۆن
ئەحمەد شەرع و ئیمانوێل ماکرۆن

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع کرد و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لێکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بانگهێشتی پاریسی کرد.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرد بەبۆنەی بوونی بە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، وەک ڕاگەیاندراوە، ماکرۆن وێڕای پیرۆزبایی، ستایشی شەرعی کردووە لە ئازادکردنی وڵاتەکەی لە دەستی ڕژێمی ئەسەد و پشتیوانی خۆی بۆ قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دووپات کردەوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا بە شەرعی ڕاگەیاند،  فەرەنسا هەوڵدەدات سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت و ڕێگە بە گەشەپێدان و ئاوەدانی سووریا بدەن، هەردوو سەرۆکیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەماهەنگی نێوانیان دووپات کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی دێنە بەردەم پێشکەوتنی سووریا، لەگەڵ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری وڵاتەکە.

 ئیمانوێل ماکرۆن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی سیاسی و یەکپارچەیی سووریا و سەروەری خاکەکەی دووپات کردەوە.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، سوپاسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی کرد لەگەڵ پشتیوانییەکانی گەلی فەرەنسا لە خەڵکی سووریا لەماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا، دووپاتیشی کردەوە، سووریا دەبێتە کاراکتەرێکی چالاک لە ناوچەکە و جیهان.

لە کۆتایشدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەحمەد شەرعی سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریای بانگهێشتی فەرەنسا کرد.