سوودانی ستایشی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەکات

سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمانی عێراق
سەرۆک وەزیران و سەرۆک پەرلەمانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق، وێڕای ستایشکردنی هەمواری یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دەڵێت: بەم هەنگاوە حکوومەت دەتوانێت باشتر کارنامەکەی جێبەجێ بکات.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات و دۆسییە سیاسی، ئابووریی و خزمەتگوازرییەکانیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی کاری پێکەوەیی دەسەڵاتیی یاسادانان و جێبەجێکردن کرایەوە، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت کارنامەکەی جێبەجێ بکات. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ ستایشی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە کرد، بە شێوەیەک کە حکوومەت دەتوانێت کارنامەکەی بە گوێرەی کارە لە پێشینەکان جێبەجێ بکات.

یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 176 ئەندام کۆبووەوە و دەنگە درا بە هەمواری یاسای بودجە کە ماددەی (12) بڕگەی دووەم (ج) تایبەت بوو بە زیادکردنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە.