لە حەما گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە

لە گوندێکی دەشتیاییەکانی شاری حەما لە باکووری سووریا، گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە ڕووفاتی 17 قوربانیی خەڵکی گوندەکەی تێدایە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، هاووڵاتییان لە گوندی برێدیج، لە دەشتاییەکانی حەما گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە، ڕووفاتی 17 هاووڵاتیی مەدەنی تێدایە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەشێوەیەکی دڕندان کوژراون.

ئەمە دووەمین گۆڕی بەکۆمەڵە لەم مانگەدا بدۆزرێتەوە؛ لە سەرەتای ئەم مانگەدا دانیشتووانی دەوروبەری دێرەزوور لە نزیک شارۆچکەی سبێخان گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزییەوە، کە ڕووفاتی شەش مێردمنداڵی تێدا بووە، بە گوێرەی توێکارییەکان، تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان 15 بۆ 17 ساڵ بووە.

هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی داوە، ئەو شەش مێردمنداڵە شوانی مەڕوماڵات بوون و لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕفێندرا بوون و کوشتبوویانن.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری، لەوەتەی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 ڕووخێندراوە، تاوەکوو ئێستا 18 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە هەزار 649 ڕووفاتیان تێدا بووە.