بەفربارین چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە

دوێنی کەشناسیی هەرێم، ڕایگەیاند، بەفر و باران زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و درەنگانی شەوی ڕابردوو لەناوچە شاخاوییەکان بەفربارین دەستی پێ کرد.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە حاجی ئۆمەران، ڕایگەیاند: ئەمساڵ ئەمە یەکەمین شەپولی بەفربارینە، کە بەم ئەندازەیە ببارێت ، کە 40 سانتیمەتر بەفر لەسەر ڕێگای هامڵتۆن باریوە.

کامەران عەبدوڵڵا، کارمەندی تیمی ڕاماڵینی بەفر، بە تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: بە گشتی، ئەمساڵ مەترێک و 40 سانتیمەتر بەفر لەو سنوورە باریوە، داوا لە شۆفێران دەکەین، بەبێ زنجیر، ئۆتومبیل لێ نەخوڕن، بەتایبەتی شۆفێرانی تەکسی.

باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ بۆ نەهێشتنی بەستەڵەک، نزیکەی 100 تۆن خوێمان بە ڕێگاکاندا هەڵڕشتووە.

لەلای خۆیەوە، ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە زینی وەرتێ، ڕایگەیاند: لە کاتژمێر نۆی شەوی ڕابردووە، بەفربارین لە زینی وەرتێ دەستی پێ کردووە، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر بەردەوام خەریکی پاککردنەوەی ڕێگاکانن و داوا لە شۆفێران دەکەن، بۆ کاری پێویست نەبێت ڕێگاکە بەکار نەهێنن.