لە زیندانێکی کۆنگۆ سەدان ئافرەت بە زیندوویی سووتێنران

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ڕاپۆرتێک لەسەر سووتاندنی سەدان ئافرەت لە زیندانێکی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات بڵاو دەکاتەوە.
ڕۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی، لە زاری بەرپرسێکی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەربارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات, بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "ڕۆژی 27 ی کانوونی دووەمی 2025، کاتێک ئافرەتانی زیندانیکراو لە زیندانی مۆنزینزی لە شاری غوما، هەوڵی ڕاکردنێکی بە کۆمەڵیان داوە، لە لایەن یاخیبووانی بزووتنەوەی ئێم 23 وە دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر و دواتر هەموویان بە زیندوویی سووتێنراون.
جێگری سەرۆکی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری غوما، ڤیڤان ڤان دی بێری، ڕایگەیاند هەزاران زیندانی پیاوی ناو زیندانەکە توانیان هەڵبێن، بەڵام بەشی ئافرەتانی زیندانەکە ئاگری تێبەردرا و لە ئەنجامدا سەدان ئافرەت بە زیندوویی سووتان.
ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی پاش گەیشتنی هێزەکانی یاخیبووانی بزووتنەوەی ئێم 23 پاڵپشتکراو لە لایەن ڕوواندا، بۆ شاری غوما، نیشانی دەدەن کە دووکەڵێکی زۆری ڕەش لە زیندانەکەوە بەرز دەبێتەوە.
ڤیڤان ڤان دی بێری، هۆشداری دا "چەکدارانی بزووتنەوەکە بەڕێوەن بۆ داگیرکردنی شار بووکافو و ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی کوژرانی هەزاران کەسی دیکە."
هێشتا وردەکایی ڕووداوەکە دەست میدیا جیهانییەکان نەکەوتووە، بەڵام ئەم کارەساتە بە یەکێک لە خراپترین کردەوەی بزووتنەوەی ئێم 23 دەژمێردرێت لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆی دیموکرات. هەرچەند تا ئێستە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان نەیتوانیوە پاش کارەساتەکە سەردانی زیندانەکە بکات، چونکە یاخیبووانی بزووتنەوەی ئێم 23 ڕێگەیان نادەن.
ڤان دی بێری دەڵێت: تاکوو سێشەممەی ڕابردوو 4ی شوباتی 2025، زیاتر لە 2000 تەرم لە شەقامەکانی غوما بەجێ ماون و هێشتا بەخاک نەسپێردراون.
ئەو هەروا گوتی: ڕۆژی 27 کانوونی دووەمی 2025 ، زیاتر لە 4000 کەس لە زیندانەکە هەڵاتوون، بەڵام پتر لە سەدان زیندانیی ئافرەت، دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر و پاشان سووتێنراون.
