عەفرین ڕادەستی ئاسایشی گشتیی سووریا کرایەوە

پێنجشەممە، 6 ی شوباتی 2025، هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سووریا چوونە ناو شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە پیشتر لەدەست هێزەکانی سوپای نیشتیمانی سەر بە تورکیا بوو.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ کوردستان24 نێردراوە، کە نیشانی دەدات ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی ئاسایشی گشتی چوونە ناو شاری عەفرین، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ئەو شارە لە دەستی هێزەکانی سوپای نیشتمانی.
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویان کردەوە، کاروانێکی ئۆتۆمبیلی ئاسایشی گشتیی ئیدارەی نویی سووریا کە لە 60 ئۆتۆمبیل پێک هاتبوون، لە کاتژمیر 11:30 خولەکی ئەمڕۆ گەیشتنە ناو شاری عەفرین.
سەرچاوەکان دەڵێن: هاتنی هێزەکانی ئاسایش هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ وەرگرتنەوەی عەفرین لە دەستی سوپای نیشتیمانی کە سەر بە تورکیان، ئەمەش ڕەنگە بنیانتنانەوەی هەیکەلیەتی سەربازی بێت، هەروەها چارەکردنی کێشەی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان و ڕێکخستنەوەی ئیدارەی نوێیە لەگەڵ پێشکەوتنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوو ڕۆژ لەمەوبەر گرووپێکی چەکدار، کە ناسنامەیان نەزانروە لە شاری حەلەب، لە ڕێگەی نێوان هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و وێستگەی بەغدا، پەلاماری ژمارەیەک گەنجی کوردیانداوە و دواتر بەرەو شوێنێکی نادیاریان بردوون، تاوەکوو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها هاووڵاتیانی عەفرین بە هەڵواسینی لافیتە، داوای ئاسایش و سەقامگیری و ئازادکردنی هاووڵاتیانی عەفرین دەکەن، داوای چەککردنی گرووپە چەکدارەکانیش دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، خەڵکی عەفرین خۆشحاڵیی خۆیان بە بوونی ئاسایشی گشتیی لە ناوچەکەدا دەربڕیووە، هەروەها بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ جێبەجێکردنی سیستەمێکی هەمەلایەنەی دامەزراوەیی و یاسایی.
پێشتر، هەر گوندێکی عەفرین لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارێکی جیاوازدا بوو، ئەمەش بووبووە هۆی نەبوونی هەماهەنگی و ڕێکخستنی یاسایی. ئێستا هاووڵاتیان هەست بە گۆڕان دەکەن، بەو پێیەی دەتوانن دەسەڵاتی یاسا بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئاسایشی خۆیان بەکار بهێنن.
لە مانگی ڕابردوودا، ئیدارەکانی تەندروستی، پەروەردە و چەندانی دیکە گەڕانەوە عەفرین و ئەمڕۆش بەشی پۆلیس بە فەرمیی ڕادەستی پۆلیسی ئاسایشی گشتیی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا کرا، ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو بنیاتنانی دامەزراوەی یاسایی.
