مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025، مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاشیگەیاند، تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
سێشەممە 4ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی 1 (کانوونی دووەم)ـی مووچەخۆرانی هەرێمەکەی بڵاو کردەوە.
بە پێی لیستەکە، هەر یەکە لە خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت و زیندانە سیاسییەکان مووچە وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند "بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی یەک (کانونی دووەم)ـی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2025، مووچەی مانگی یەک بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
مووچەی مانگی یەک 275 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من دابەش دەکرێت، بە جۆرێک 216 هەزار و 500 کەس لە فەرمانبەری مەدەنی و 56 هەزار و 700 پێشمەرگە لە ڕێگەی زیاتر لە 550 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز دەتوانن مووچەی مانگی یەک وەربگرن.
هەروەها تیمی هەژماری، من جەخت لە فراوانبوونی پڕۆژەکە دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات "تاوەکوو ئێستا لە کۆی یەک ملیۆن مووچەخۆر 720 هەزاریان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کراون، هاوکات 370 هەزار کارتی بانکی دابەش کراونەتەوە."