هێمن هەورامی لەگەڵ دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان تاوتوێی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، لەسەر بانگهێشتی فەرمی لێژنەی هاوبەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی NPB کرد، هاوکات هێمن هەورامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ دیپلۆمات و نوینەری وڵاتان تاوتوێی دۆخی هەرێمی کوردستانیان کرد.
پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، ڕایگەیاند: بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی NPB لە ئەمەریکا کرد، لە کۆبوونەوەکە بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە و ژمارەیەک لە وەزیرەکان و ئەندامانی کۆنگرێس، سەرۆکی کۆسۆڤۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا، دیپلۆمات و دوو هەزار و 500 کەسایەتی دیاری 121 وڵاتی جیاجیای جیهان و بەشداربووانی 46 ویلایەتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
باسی لەوەش کرد، لەسەر بانگهێشتی فەرمی لێژنەی هاوبەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیە کرد، کە 72ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەیە.
هەورامی گوتی: لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوە گرنگەدا چاوم بە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی دیار و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان کەوت و بەکورتی لەسەر دۆخی هەریمی کوردستان و ناوچەکە بیروڕامان گۆڕییەوە.