فوئاد حوسێن: سه‌قامگیریی سووریا كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، سه‌قامگیریی بارودۆخی سووریا كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت؛ هاوكات ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سووریا له گرنگیی فره‌یی كۆمه‌ڵگه‌ی سووری تێ بگه‌ن.
پێنجشه‌ممه، 6ـی شوباتی 2025، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند، فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه پێشوازی له ڕاشید تاڵیبی عیلمی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی مه‌غریب كردووه و وێڕای تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، هاوكات چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان باس كردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، فوئاد حوسێن باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای نێوان عێراق و سووریای كردووه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، سه‌قامگیریی بارودۆخی سووریا كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی ئاسایشیی عێراق ده‌بێت.
فوئاد حوسێن سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه، نائارامی و ناسه‌قامگیریی ئه‌منی سووریا به هه‌مان شێوه ڕه‌نگدانه‌وه و كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی به‌سه‌ر عێراقدا ده‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌روه‌ها به سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی مه‌غریبی گوتووه، هیواخوازه ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سووریا له گرنگیی فره‌یی كۆمه‌ڵگه‌ی سووری تێ بگه‌ن.