ڕوبیۆ: هیچ وڵاتێک نایەوێت دۆخی غەززە چارە بکات

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێویستە ئەو وڵاتانەی ڕەخنە لە پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی کەرتی غەززە دەگرن، دەستپێشخەری بکەن بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارەکان بۆ یارمەتیدانی کەرتی گەمارۆدراو و وێرانکراو.

ڕوبیۆ دووپاتی کردەوە، ترەمپ ئاوەدانکردنەوە پێشکەش دەکات، چونکە ئێستا لە غەززە هیچ کەسێک ناتوانێت نیشتەجێ بێت، ڕوونیشی کردەوە لێدوانەکانی ترەمپ، مەبەست لێی هاندانی وڵاتانی دیکە بووە کە "توانای ئابووری و تەکنەلۆجی"یان هەیە، بۆ ئەوەی هاوکاری بنیاتنانەوە بکەن.

ڕوبیۆ لەکاتی سەردانی کۆماری دۆمینیکان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: سەرۆک ترەمپ پێشنیاری کردووە دەستوەردان بکات و بەشێک بێت لەم چارەسەرە، "ئەگەر وڵاتێکی دیکە ئامادەیە هەنگاو بنێت و خۆیان ئەو کارە بکەن، ئەوا زۆر باش دەبێت، بەڵام پێ دەچێت کەس نەیەوێت چارەی ئەم بارودۆخە بکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: "زۆرێک لە ولاتان لە ناوچەکەدا نیگەرانیی زۆر دەردەبڕن، ئێمە هانی ئەو وڵاتانە دەدەین بێنە پێشەوە و چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە."

ڕۆژی سێشەممە لە میانی پێشوازیکردنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی غەززە دەکات لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی و گەشەپێدانی ئابووری، دوای ئەوەی دانیشتوانی کەرتی فەلەستین ئاوارە دەبن بۆ میسر و ئوردن و ناوچەکانی دیکە.

ئەو دوو وڵاتە خێرا ئەم بیرۆکەیەیان ڕەت کردەوە.