لە قاهیرە لووتکەی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی ڕاگواستنی خەڵکی غەززە بەڕێوە دەچێت

لەچەند رۆژی داهاتوودا لووتکەیەکی فراوانی عەرەبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پلانی ڕاگواستنی خەڵکی غەززە و پێشنازیەکەی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوە دەچێت.
سەرچاوەکی ئاگادار بە کەناڵی ئەلعەرەبیە و حەدەس ڕاگەیاند، گفتگۆ هەیە بۆ بەستنی لووتکەیەکی فراوان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی ڕاگواستنی خەڵکی غەززە، ئامانجی سەرەکی لووتکەکەش یەکخستنی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبییە بۆ ڕەت کردنەوەی ڕاگواستنی غەززییەکان و داکۆکیکردن لەسەر مافەکانیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە لووتکەکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر گەیشتن بە بڕیار و هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی کە ئاوارەبوون ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر کۆدەنگی عەرەبی دەکاتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و نێودەوڵەتی پێویست بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکان بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان لەسەر خاکەکانیان.
باسی لەوەش کرد، لە لوتکەکەدا پلانەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەبێ ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان لەسەر خاکەکانیان تاوتوێ دەکرێت، هەروەها پشتیوانی تەواوکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک دەکات.
هاوکات ئەحمەد ئەبولغیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی جەختی لە پێویستی کۆدەنگیی عەرەبی کرد، بۆ ڕەت کردنەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر دۆزی فەڵەستین کە گرنگترینیان مانەوەی خەڵکە لەسەر خاکی خۆیان و بێبەش نەکردنیان لە مافی چارەی خۆنووسین.