ڕوبیۆ سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەنیازە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

ئەمە یەکەم گەشتیی ڕوبیۆ دەبێت بۆ ناوچەکە لە دوای دەستبەکاربوونی و ئەم سەردانە لە کاتێکدایە گرفت لەسەر پلانی ترەمپ بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی غەززە لەلایەن ئەمەریکاوە"هەیە.

لە کاتێکدا سەرکردەکانی ئیسرائیل ستایشی ئەو پلانەیان کردووە، دەستیان کردووە بە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی، میسر، ئوردن، سعوودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دژایەتییان بەرامبەر بەو پلانە دەربڕیوە.

پێنج وەزیری دەرەوەی عەرەب و بەرپرسێکی باڵای فەڵەستینی سەرەتای ئەم هەفتەیە نامەیەکی هاوبەشیان بۆ ڕوبیۆ نارد و نیگەرانی خۆیان لە پلانی ترەمپ بۆ ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان لە غەززە دەربڕی و داوای بەشداریکردنی فەڵەستینییەکان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا کرد.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ڕوبیۆ بەنیازە سەردانی میونشن بکات، دواتر سەردانی ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعوودیە و ئەگەری هەیە سەردانی چەند وڵاتێکی دیکە بکات.

ڕاشیانگەیاند، هێشتا ڕوون نییە، ئایا ڕوبیۆ سەردانی کەناری ڕۆژئاواش دەکات و لەگەڵ سەرکردایەتی دەسەڵاتی فەڵەستین کۆدەبێتەوە یاخود نا، بەڵام سەرچاوەیەکی فەڵەستینی ڕایگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بەرپرسانی فەڵەستینی ڕاگەیاندووە، ڕوبیۆ ئەگەر سەردانی ئیسرائیل بکات، ئەوا سەردانی دەسەڵاتدارانی فەڵەستینیش دەکات.

دوو سەرچاوەکە بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی، 7ـی شوباتی 2025، ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە واشنتن بێت و بڕیارە لەگەڵ ڕوبیۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی ترەمپ کۆببێتەوە.

دانوستانەکانی سەفدی پێش کۆبوونەوەی شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەردانی واشنتن دی سی بکات، هاوکات بەدر عەبدول عاتی، وەزیری دەرەوەی میسریش ڕۆژی دووشەممە دەگاتە واشنتن.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، بڕیارە ڕوبیۆ بەشداریی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بکات، کە لە 14ـی شوبات لە ئەڵمانیا دەست پێ دەکات.