بەفر ڕێگای زینی وەرتێی داخستووە

بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ ڕایگەیاند: سەڕەرای ڕاماڵینی بەفر لە ڕێگایی زینی وەرتێ، بەڵام  داوا لە شۆفێران دەکەن ڕێگاکە بەکار نەهێنن. 

هەینی، 7ـی شوباتی، 2025، شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: بەهۆی بەفربارینی دوو ڕۆژی ڕابردوو، رێگای زینی وەرتێ، هاتووچۆ کردن تێیدا وەستاوە، بەڵام لە تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگاکەن و خوێی پێدا هەڵدەڕشن.

بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، گوتیشی: لەگەڵ بارینی بەفر، بەردەوام ڕێگاکە ئاستەنگی هاتووچۆی تێدا دروست دەبێت و دەبێتە بەستەڵەک.

ڕێگەی زینی وەرتێ لۆف و پێچی زۆرە، هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە، ڕێگەیەکی سەرەکییە بۆ بازرگانی و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر پێیدا هاتووچۆ دەکەن.