ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی: ترەمپ "دایکی هەموو بۆمبەکان" دەداتە ئیسرائیل

ڕۆژنامەی "بیڵد"ـی ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیازی واشنتنی ڕاگەیاندووە بۆ ڕادەستکردنی یەکێک لە بەهێزترین سیستەمەکانی چەکی نائەتۆمی بە ئیسرائیل، کە بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" ناسراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە، ویتکۆف ڕایگەیاندووە، پێنتاگۆن بۆمبی GBU-43/B Massive Ordnance Air Blast دەنێرێت بۆ ئیسرائیل، کە بۆمبێکی زەبەلاحە و کێشی 11 تۆنە و توانای لەناوبردنی بنکە قووڵەکانی ژێر زەوی هەیە.

ڕۆژنامەکە دەڵێت: "ئەم پێدانی بۆمبە پلانی بۆ داڕێژراوە، وەک نیشانەیەک بۆ داهاتووی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاراندا سەیر دەکرێن."

 ئەم بۆمبە گەورانە لە سەرەتای ساڵانی 2000وە لە لیستی خواستەکانی ئیسرائیلدا بوون، بەڵام هەموو سەرۆکێکی ئەمەریکا لە جۆرج بۆشەوە تا جۆو بایدن، هەروەها لە نێویشیاندا ترەمپ لە خوولی یەکەم، ڕەتی کردۆتەوە بیدات بە ئیسرائیل.

ئەم بۆمبە ئاسمانییە، بە تەقەمەنی گەورە (MOAB) ناسراوە، و نازناوی "دایکی هەموو بۆمبەکان"ـی لێنراوە.