لە عێراق بەهۆی هەژارییەوە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ کاردەکەن

دیمەنی شەقامێکی بەغدا
دیمەنی شەقامێکی بەغدا

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان یەک ملیۆن منداڵی کارکەر لە عێراق هەن، ئەمەش بەگوتەی چاودێران و چالاکوانان لەگەڵ وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک عێراق یەک ناگرێتەوە.

بەرپرسی تۆڕی پاراستنی مافی منداڵان دەڵێت؛ کارکردنی منداڵان وەک بۆمبێکی چێندراو وایە، چونکە ئەم منداڵانە چارەنووسیان نابێت و دەکرێت لە داهاتوودا لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە بەکاربهێندرێن.

بوشرا ئەبولعەیس، چالاکوان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەبوونی منداڵانی کارکەر لەناوچە پیشسازییەکان لە بەغدا، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 10بۆ 15ساڵدایە، هۆکارەکەی شکستی پلانی ئابووری حکوومەتی عێراقە، هەروەها بێ توانای بەرپرسان لە چاکسازی ئابووری، ئەمەش گەلی خستووەتە مەینەتییەوە.

لای خۆیەوە حەیدەر قورەیشی، سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی منداڵان، بۆ کوردستان24 گوتی: "کارکردنی منداڵان بابەتێکی زۆر ترسناکە، چونکە تەنانەت یاسا جیهانیەکانیش کارکردنی منداڵان قەدەغە دەکەن. باشە منداڵێک لەسەر شەقامەکان کلێنس و جگەرە دەفرۆشێت، دەبێت داهاتووی چی بێت؟ ئێمە وەک بۆمبێكی چێندراو سەیریان دەکەین بۆ داهاتوو.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئەنجامدراون، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە عێراق کاردەکەن، ئەمەش وادەکات عێراق لە دوای میسر، یەمەن و سوودانی پلەی چوارەم لە کارکردنی منداڵان بگرێت.