وردەکاری کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا ئاشکرا کرا

وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، وردەکاری کوژرانی ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: بڕیار درابوو بۆ تیرۆرکردنی نەسروڵڵا 40 تۆن تەقەمەنی بەکار بهێنرێت، بەڵام ڕێژەکە بەرز کرایەوە بۆ دوو هێندە بۆ ئەوەی ڕێژەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە ببێتە 99%.
هەینی 7ـی شوباتی 2025 یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنیدا ئاشکرای کرد، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کووشتنی نەسروڵڵا، خۆی و سەرۆک ئەرکانی ئەو کاتەی ئیسرائیل پەیوەندییان بە ناتانیاهۆوە کردبوو ئەو کاتەی کە لە ئەمەریکا بوو، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردن، بەڵام گوتبووی چاوەڕێ بکەن تا گوتارەکەم لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو دەکەم.
گالانت، باسی لەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجام درا، لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەش پرسیاری لە سەرۆک ئەرکان و فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کردبوو، ئەوانیش پێیان وابوو ئۆپەراسیۆنەکە بە ڕێژەی 90% سەرکەوتوو دەبێت.
وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، گوتیشی: پرسیاری ئەوەم لە سەرۆک ئەرکان و فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کرد، کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕێژەی چەند تۆن تەقەمەنی بەکار بهێنرێت، ئەوانیش پێیان باش بوو 40 تۆن بێت، بەڵام من داوام کرد کە ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرز بکرێتەو بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی کووشتنی نەسروڵڵا 99% سەرکەوتوو بێت.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، کاتێک کە ئۆپەراسیۆنەکەمان دەست پێکرد بۆمبێکی 84 تۆنیمان بۆ کووشتنی ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنانی بەکارهێنا و کاتێک بۆمبەکەمان خستە خوارەوە، زانیمان ئامانجەکەی پێکاوە و نەسروڵڵا ڕزگاری نەبووە.
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 مێدیای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بە چڕی باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی گیانی لەدەست دا.
ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بنکەی سەرکردایەتی حزبووڵڵا بە ئامانج گیراوە. مێدیای حزبووڵڵاش دەڵێت: چوار باڵەخانە لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل خاپوور کران.
ئەم بە ئەمانجگرتنانە دوای گوتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هات، کە لە بارەگای کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەڵێنی دا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی حزبوڵڵا بەردەوام بێت.