دیاربەکر.. گردبوونەوەی جەماوەریی بۆ پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچێت

لە دیاربەکر گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوە دەچێت.
بڕیارە ئەمڕۆ، 08-02-2025، گردبوونەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەریی بە بەشداریی هاوسەرۆک، پەرلەمانتار و لایەنگرانی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) لە دیاربەکر، لە باکووری کوردستان بەڕێوە بچێت.
ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە دیاربەکر ڕاگەیاند، گردبوونەوە جەماوەرییەکە لە ژێر دروشمی "ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دیداری ئازادی" بەڕێوە دەچێت و ئامانج لێی، پشتیوانیی پرۆسەی نوێی ئاشتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت دەیان هەزار کەس لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا بەشدار بن، بەڵام شاندی ئیمرالی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەوەتەوە، بەشداریی تێدا ناکەن.
چاوەڕێش دەکرێت دوای دیاربەکر، سبەینێ یەکشەممە، 09-02-2025، گردبوونەوە جەماوەرییەکە لە شاری مێرسینی تورکیا و لە داهاتووشدا لە چەندان شاری دیکە بەڕێوە بچێت.
تاوەکوو ئێستە، شاندی دەم پارتی و عەبدوڵلا ئۆجەلان دوو جار لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت.