دادوەرێک بڕیارێکی ترەمپ بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت

دادەوەرێک بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی کارمەندانی ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و پێدانی مۆڵەتی 30 ڕۆژ بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەمەریکا، بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت.
کارل نیکولز، دادوەری دادگەی سەرەتایی ئەمەریکا، کە لە لایەن ترەمپەوە ئەو پلەیەی پێ دراوە، ڕەزامەندیی لەسەر تێهەڵچوونەوەی کارمەندانی ئاژانسەکە دەربڕیوە کە دەڵێن بڕیارەکەی ترەمپ ژیانی کارمەندەکان لە دەرەوەی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە.
لە هەمان کاتدا، ئەو دادوەرە ڕەتی کردەوە ڕێگریی لە بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە ڕاگرتنی کار و چالاکییەکانی ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە سەرتاسەری جیهاندا بکات، تا ئەو کاتەی دادگە بە شێوەیەکی گشتگیرتر دەڕوانێتە سکاڵای کارمەندەکانی ئاژانسەکە.
ترەمپ ڕۆژی هەینیی ڕابردوو ڕایگەیاند دەبێت کار و چالاکییەکانی ئاژانسەکە بۆ هەمیشە ڕابگیرێت. هەروەها لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا نووسیویەتی "گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێک کە پێشتر وێنەی نەبووە." مەبەستی لە USAID.
لە دوای دەستبەکاربوونی بۆ خولی دووەم، ترەمپ، ئیلۆن ماسکی کردووەتە ڕاوێژکاری نزیکی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەندێک دامودەزگای حکوومەت بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
لەوبارەوە ئیڵۆن ماسک وێنەکانی لەسەر پلاتفۆرمی 'ئێکس' بڵاوکردەوە، کە لابردنی تابلۆکانی ئاژانسەکە لە بارەگا سەرەکییەکەی لە واشنتن نیشان دەدات.
ئیدارەی ترەمپ، هاوکارییە دەرەکییەکانی ڕاگرت و فەرمانی بە هەزاران کارمەندی دەرەوەی وڵات کردووە بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا، لەگەڵ هەموو ئەو کاریگەرییانەی کە مانای بۆ ئەو بەرنامانەی کە بەڕێوەی دەبەن.
بەگوێرەی بەرپرسێکی ئاژانسەکە، بڕیارە ڕێژەی فەرمانبەرانی لە 10 هەزار کەسەوە بۆ 300 کەس کەم بکرێتەوە.
لە بودجەی ئێستای ئەمەریکا نزیکەی 70 ملیار دۆلار بۆ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان تەرخان کراوە. هەروەها USAID، پرۆگرامی فریاگوزاری و گەشەپێدان، لە نزیکەی 120 وڵات بەڕێوە دەبات.