فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کوژرانی والیی کەرکووک پشتڕاست دەکاتەوە

شەممە، 8ـی شوباتی 2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کوشتنی سێ سەرکردەی گرنگی داعشی لە سەلاحەددین ڕاگەیاند.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: دوای بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوەکەمان سەبارەت بە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەکانی ئێف 16، کە لە 31ـی کانوونی دووەمی 2025، کرایە سەر حەشارگەیەکی تیرۆریستان لە ناوچەی ئەلزەرکە لە سەلاحەددین، دوای هەوڵ و بەدواداچوون و پشکنینی تەرمی حەوت کوژراوی ئەم ئۆپەراسیۆنە، دەرکەوت کە لەناو کوژراوەکاندا چەند سەرکردەی گرنگی داعش هەن."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو سەرکردانەی کوژراون بریتین لە: دەحام محەممەد علێوی ناسراو بە (ئەبو سەعید ئەلدەندوشی) کە والیی کەرکووک بووە و بەرپرسی هێرشە تیرۆریستیەکان بووە بۆسەر هاووڵاتیان و کردەی تیرۆری لە دۆڵی چای لە چیای حەمرین و حەویجە.
هەروەها شەحازە عەلاوی ساڵح ئەلمەکنی ناسراو بە (ئەبو عیسا) بەرپرسی کەرتی حەمرین بووە، ڕەبیع ئەلبەتوش کە یەکێک بووە لە چەکدارە گرنگەکانی داعش، ئەویش لە نێو کوژراوەکاندا بووە.