وڵاتان پێشوازیی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان دەکەن

یەکێتی ئەورووپا، ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی لوبنان دەکەن و هیوا دەخوازن، کە حکوومەتی نوێ، حکوومەتی چاکسازییەکان بێت.
شەممە 8ـی شوباتی 2025، جینێن هێنیس پلاسخارت، ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، لە پلاتفۆڕمی ئێکس نوسیوویەتی، پێکهێنانی حکوومەت ڕێگە خۆش دەکات بۆ لاپەڕەیەکی نوێ و گەشاوە بۆ لوبنان. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ حکوومەتی لوبنان و لە هەوڵەکانیدا بۆ پێشخستنی چاکسازییە بنەڕەتییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەلایەکی دیکەوە یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی خۆی بۆ حکوومەتی نوێی لوبنان دەربڕی و پێشوازیی لە پەسەندکردنی کارنامەی چاکسازیی کرد.
یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، چاکسازی بۆ ئاییندەی لوبنان پێویستە، ئێمەش لە هەوڵدان بەردەوام دەبین لەگەڵ هەموو کارەکتەرە سیاسییەکانی وڵات بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازیی.
لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان، پێشوازیی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان کرد و هیوای خۆی دەربڕی کە چاکسازییەکان جێبەجێ بکات و دامەزراوەکانی دەوڵەت بنیات بنێتەوە.

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان
شەممە 8ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە نووسراوی دەست لەکارکێشانەوەی نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی پەسەند کرد و هەروەها نەواف سەلامی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە کابینەکەی بە بەشداریی 24 وەزیر پێکهێنا.
حکوومەتی لوبنان دوای زیاتر لە سێ هەفتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی لوبنان پێکهێنرا، کە پۆستەکانی حکوومەت بەپێی سیستمی پشک پشکێنە دابەش کرا.
پێش ڕاگەیاندنی پێکهێنانی حکوومەت، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە ئامادەبوونی جۆزێف عەون، سەرۆکی کۆمار، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و نەبیح بێری سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە بەڕێوەچوو.
حکوومەتی نویێ لوبنان چاوەڕوانی ئاڵنگاری و ئاستەنگە گەورەکانە، کە دیارترینیان ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و بەردەوامیدانە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، هەروەها بە پێی بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2006 دەرچووە، دەبێت ئیسرائیل لە باشووی وڵاتەکە بکشێتەوە، لە بەرانبەردا دەبێت حزبولڵا لە چەک داماڵدرێت و چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.
بەپێی ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن لێژنەیەک بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و فەرەنسا جێبەجێ دەکرێت، ئیسرائیل دەبوو تا 26ـی مانگی کانوونی دووەمی 2025 هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام لوبنان ئیسرائیلی بە "دواخستنی" جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد.

سەرۆک وەزیرانی نوێی لوبنان: هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان هاووڵاتی و حکوومەت دەدەین
نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی نوێی لوبنان، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم حکوومەتە، حکوومەتی چاکسازیی و ڕزگارکردنە، كاری لەپێشینەمان دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵ بۆ دووبارە دروستكردنەوەی متمانەیە لەنێوان هاووڵاتییان و حكوومەت و وڵاتانی ناوچەکە.
باسی لەوەش کرد، رێگری دەكەین لەوەی حكوومەت ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان، حكوومەت دەبێـتە وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی گەنجان و دەبێت لێرە خەونەكانیان بكەنە ڕاستی.
سەرۆک وەزیرانی نوێی لوبنان، دەڵێت: ئامانجێکی دیکەمان جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکە و ئیسرائیلە، هەروەها دووبارە وڵاتەکە ئاوەدان دەکەینەوە، ئەمە بەڵێن نییە بەڵکوو پابەندییە.
جەختی لەوە کردەوە، ئەم حكوومەتە بە هاوكاری پەرلەمان پێویستی بە چاكسازی دارایی و ئابووریی هەیە و، پێویستە هەمووان پێكەوەكار بكەین.
دیارترین کەسەکانی پێکهێنانی حکوومەتی وڵاتەکە:
-نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان.
-تارق میتری جێگری سەرۆک وەزیرانی لوبنان.
ناوی وەزیرەکانی کابینەی نویێ حکوومەتی لوبنان:
1-میشال مینسە، وەزیری بەرگری.
2-ئەحمەد حەججار، وەزیری ناوخۆ.
3-یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوە.
4-یاسین جابر، وەزیری دارایی.
5-غەسسان سەلامە، وەزیری ڕۆشنبیری.
6-لورا خازن لەحود، وەزیری گەشتوگوزار.
7-کەمال شیحادە، وەزیری کۆچ و کۆچبەران.
8-نورا پێرقدریان، وەزیری وەرزش و لاوان.
9-ڕیما کیرامی، وەزیری پەروەردە.
10-عادل نەسسار، وەزیری داد.
11-ڕاکان نەسرەددین، وەزیری تەندروستی.
12-محەممەد حەیدەر، وەزیری کار.
13-جۆزێف سەددی، وەزیری وزە.
14-عامر بەسساد، وەزیری ئابووری.
15-شارل حاجی، وەزیری گەیاندن.
16-جۆ عیسا خووری، وەزیری پیشەسازی.
17-فائیز ڕەسامنی، وەزیری ئیشغال.
18-نیزار هانی، وەزیری کشتوکاڵ.
19-فادی مەککی، وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی.
20-تەممارە زەین، وەزیری ژینگە.
21-حەنین سەید، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی.
22-پۆل مارکۆس، وەزیری ڕاگەیاندن.
23-ڕاکان نەسرەددین، وەزیری تەندروستی گشتی.
24-فادی مەککی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری گەشەپێدانی کارگێڕی.