کوردستان24 دەچێتە بەردەم ماڵی هاوژینی بەشار ئەسەد لە لەندەن

کوردستان24 وەکو یەکەمین مێدیایی كوردی و جیهانی بەدواداچوون بۆ موڵک و سامانی ئەسما ئەسەد لە لەندەن دەکات و دۆکیۆمێنتی تەواو لەبارەی خانووەکەی ئاشکرا دەکات، کە ئەسما ئەسەد و دایک و باوکی تێیدا نیشتەجێبوونە، خانووەکە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە لەلایەن سوورییەکان بەوەی پێویستە سامانی بنەماڵەی ئەسەد بۆ میللەت بگەڕێندرێتەوە.
کوردستان24، دەچێتە نێو ماڵی هاوژینی بەشار ئەسەد لە لەندەن، خانووەکە لە گەڕەکێکی کپ و بێدەنگە، ئەسما ئەسەدی لەگەڵ دایک و باوکی تێیدا نیشتەجێ بوونە.
کەناڵەکە مەبەستی بوو، دراوسێیەکی ئەسما ئەسەد، بدوێنێ تا زانیاری زیاتری لەبارەیەوە دەستکەوێت، بەڵام دراوسێەکەی ئەسما ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاشکرا بکات، تەنیا گوتی: ماوەیەکە ئاگام لێ نییە لە کوێیە.
هەروەها پۆستەچی گەڕەکەکە، بە کوردستان24ـی گوت: ماوەیەک هیچ پۆستێکم بۆ ماڵی ئەسما ئەسەد نەهێناوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن لەو بارەیەوە بەدواداچوونی کردووە و سەردانی خانووەکەی کردووە و زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە خانووەکە بە چەند کڕدراوە و نرخ و کاتی بەناوکردنی خانووەکە چەند بووە، هەروەها کورتەیەک لەسەر چۆنییەتی یەکترناسینی بەشار و ئەسما لە لەندەن دەخاتەڕوو و دەچێتە ئەو چێشتخانەیەی ئەسما و دایک و باوکی سەردانیان دەکرد
لە ئەمجامی بەدواداچوونی کوردستان24 دەرکەوت، خانووەکە لە 12ـی 8ـی 2012 بە ناوی دایک و باوکی ئەسما ئەسەد کراوە و زیاتر لە ساڵێک دوای شۆڕشی سووریا و بە 650 هەزار پاوەند واتە نزیکەی 750 هەزار دۆلار کڕدراوە و ئێستا نرخەکەی نزیکەی ملیۆنێک و دوو سەد هەزار دۆلارە.