ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هیوای بۆ کورد گەڕاندووەتەوە

هاووڵاتیانی کورد لە سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، چاویان لەوەیە حکوومەتێک لە دیمەشق پێک بهێنرێت کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکاندا بکات و چیتر مافەکانیا لێ زەوت نەکریت و ئاوارەی وڵاتان نەکرێن.
ئاژانسی Associated Press، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی شووباتی 2025 ڕاپۆرتێکی لەبارەی پرسی کورد و پاراستنی مافەکانییان لە سووریا دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڵاو کردووتەوە کە تێیدا هاتووە:
کورد لە 50 ساڵی ڕابردوو لەلایەن خێزانی بەشار ئەسەدەوە لە سووریا پەراویز خرابوون، لەو ماوەیەیشدا زۆربەیان نکۆڵی کوردبوونیان لێ کراوە و بە عەرەب ناسێنراون. بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، نەتەوەی کورد دەرفەتێکی بۆ دروست بووە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامیی بە کوڵتور و مافەکانی خۆیان بدەن و بیپارێزن کە لە جەنگی ناوخۆوە لێیان زەوت کرابوو.
منداڵەکان ئێستا دەتوانن ناوی کوردیان لێ بنرێت، زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەخوێنرێت، هەروەها کوردەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا دەتوانن ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بگێڕن، کورد یەکێکە لە نەتەوانەی کە ژمارەیان زۆرە و بەڵام خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین، بۆیە دەیانەوێت بۆ هەمیشە حکوومەتێکی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن.
چارەنووسی حکوومەتی کوردی لە سووریا پەیوەستە بە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان هێزە کوردەکان و حکوومەتی نوێ سووریا.
لە ساڵی 2011 دوای کشانەوەی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێزە کوردییەکان کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری لە باکووری سووریا گرتە دەست، ئێستا هەمان هێز %25 خاکی سووریای کۆنترۆڵ کردووە.
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هێزە کوردییەکان لە دیمەشق لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی گەلەکەیان لە دانوستاندندان، هەرچەندە کوردەکان ڕایانگەیاندووە کە لە سووریا داوای ئۆتۆنۆمی ناکەن و تەنیا لامەرکەزییان دەوێت.
پێشتر مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیمووکرات (هەسەدە) ڕایگەیاندبوو "پێوسیتیمان بە وڵاتێکە کە عەلمانیەت بێت و مافی هەموو لایەک پارێزراو زامن بکات و بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەمووان بکات."
هاوکات، وڵاتانی ڕۆژئاوا داوایان لە حکوومەتی نوێی سووریا کردووە کە ڕێز لە پێکهاتەکان بگرن.
هەروەها مەزڵوم عەبدی ئاماژەشی دابوو ناسنامەی سووریا، هەموو هاووڵاتیانی بە 'هاوڵاتیی عەرەبی سووریا' دەناساند، جگە لە عەرەبەکان، کوردیش بە عەرەب دەناسران. بۆیە دەیانەوێت ئەمە بگۆڕن و هەموویان بە "هاوڵاتیانی سووریا" بناسێنرێن."
فەرماندەی گشتی (هەسەدە) باسی لەوەش کردبوو دەبیت یاسایی دژە کوردەکان هەڵبوەشینرێتەوە.
مەزڵوم عەبدی و چەند سەرکردەیەکی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کوردەکان ڕۆلێکی گرنگیان لە تێکشکاندی داعش لە سووریا و عێراق هەبووە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 هەسەدە گوندی باگۆزی لە ڕۆژئاوای سووریا کۆنترۆڵ کرد، هیزەکانیان بە هاوکاری ئەمەریکا بە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر شانەی نوستووی داعش لە ناوچەکە.
هەسەدە لە شەڕی دژی داعش و هێزەکانی سەر بە تورکیا، هەزاران سەربازی لە دەست داوە، هاوکات تورکیا هەسەدە بە درێژکراوەی پەکەکە دەزانیت.
لە ساڵی 2016 تورکیا لە هێرشی کردە سەر باکووری سووریا، بەشێکی زۆری ناوچەی سەرسنوورەکانی گرت و بەهۆیەوە هەزاران کەس ئاوارە بوون.
ئەمیرە عەلی، هاوسەری پۆلیسێکی خۆجێی حەسەکە دەڵێت: ئێمە بە خوێنی خۆمان و منداڵەکانمان بەرگریی لە مافەکانمان دەکەین.
گولییە عەبدو، تەمەن 70 ساڵان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دووجار بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ئاوارە بووە. ئێستا لە یەکێک لە کەمپەکاندایە، هێزەکانی سوپای نیشتیمانیی سووریا ناچاریان کردوە بەرەو شاری قامیشلۆ هەڵبێت.
گولییە عەبدو گوتی: سوێند بە خوا ئەو ئاوارەبوونە ئێمەی کوشتووە، تاوانمان چییە کە بەم شێوە سزا بدرێین؟
ژنێکی دیکە بە ناوی ئێلهام هۆرۆ، لە هێرشی هێزەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا لەگەڵ منداڵ و نەوەکانی لە تەل ڕەفعەت هەڵاتووە.
ئێلهام کە لەگەڵ نەوەکانی لە کەمپێکی قامیشلۆ، لە سەر زەویی بێڕایەخ دانیشتبوو، گوتی: هەموو ئەوەی بە جێمان هێشتووە ڕوحی ئێمە بووە، ئەگەر ئەوەیان دەوێت با بڕۆن بیبەن.
هەسەدە و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، دانوستانەکانیان لەسەر داهاتووی ڕۆژئاوا بە ئەرێنی وەسف دەکەن. هاوکات دەسەڵاتداران سووریا ڕایانگەیاندووە کە لە سەردەمی ئەسەددا بە ناڕەوا مامەڵە لەگەڵ کوردەکان کراوە.
پێشتریش ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریای نوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردبووە "پێکەوە کاردەکەین بۆ بنیاتنانی وڵاتێک کە تێیدا هەمووان هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن."