دەوامی قوتابخانە و فەرمانگە حکوومییەکان لە 10 پارێزگای ئێران ڕادەگیرێن

مێدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، بڕیاری ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگە و قوتابخانەکانی لە 10 پارێزگای ئێران داوە، ئەمەش بە مەبەستی پاشکەوتکردنی سووتەمەنی و وزە، لە کاتێکدا کە کەشوهەوای وڵاتەکە زۆر ساردە و خواست لەسەر بەکارهێنانیان زۆر بووە.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران 'ئێرنا'، بڵاوی کردەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلەکانی گەرما لە باکووری وڵاتەکە زۆر دابەزیووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی سووتەمەنی و وزە.
بە پێی ئاژانسەکە، دەوامی سەرجەم فەرمانگە حکوومییەکان و قوتابخانەکان لە 10 پارێزگای وڵاتەکە ڕاگیران بە مەبەستی پاشکەوتکردنی سووتەمەنی، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی زۆر بووە.
ئاژانسەکە لە زاری محەممەد دادراس، پسپۆری کەشناسی بڵاوی کردەوە، هەندێک ناوچەی پارێگای گیلان شایەتی بەفربارین بوونە.
ئەم بڕیارە دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی ڕۆژی شەممە هات، کاتێک دەسەڵاتداران فەرمانیان دا بە داخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە زیاتر لە 20 پارێزگای لە کۆی 31 پارێزگای وڵات بەهۆی نالەباری کەشوهەوا.
ئاژانسی هەواڵی ئێرانا ئاماژەی بەوە دا، هەندێک ناوچەی تارانی پایتەختیش لە ماوەی شەوی شەممە تا یەکشەممە، 30 سانتیمەتر بەفری لێ باریووە، هەروەها بارینی بەفرەکە بووە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ ئۆتۆمبێلەکان لە سەرانسەری شارەکەدا.
بەفربارین لە مانگی شوباتدا لە تاران شتێکی نائاسایی نییە، بەڵام دانیشتووان تووشی شۆک بوونە لەو ڕێژەی زۆرە.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، نالەباری کەشوهەوا و بارینی رێژە بەفرێکی زۆر، ڕێگاوبانەکانی زۆرێک لە پارێزگاکانی وڵاتەکەی پەکخستووە، هەروەها کاریگەری زۆری لەسەر باکوور و ڕۆژئاوا هەبووە، لەوێشدا دەسەڵاتداران داوایان لە هاووڵاتییان کردووە بۆ ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
ئێران زۆرجار فەرمانی داخستنی دامەزراوە پەروەردەییەکان و فەرمانگە حکوومییەکان دەدات لە وەرزی زستاندا، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و کەمیی سووتەمەنی.