لەتیف ڕەشید سکاڵای یاسایی لەسەر سوودانی و تەیف سامی تۆمار کرد

سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق
سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق

بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک کۆمار، لەپێناو زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە 20ـی مانگی ڕابردوو لەپێناو زامنکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کردووە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند، داوا دەکەن بابەتە تەکنیکییەکان نەبنە بەربەست لە ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، داوا لە دادگای فیدراڵی کراوە فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام بەبێ وەستان.