هۆشیار زێباری: باشترە مانگرتووان مانگرتنەکەیان بۆ گۆڕەپانی تەحریر بگوازنەوە

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: باشترە مانگرتووان مانگرتنەکەیان بۆ گۆڕەپانی تەحریر بگوازنەوە، دەشڵێت: مانگرتنەکەی سلێمانی بە سیاسی کراوە.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) پەیامێکی لەبارەی مانگرتنی مامۆستایانی سلێمانی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: مانگرتنەکەی سلێمانی بە سیاسی کراوە،باشترە مانگرتووان مانگرتنەکەیان بۆ گۆڕەپانی تەحریر بگوازنەوە.

هۆشیار زێباری دەڵێت: مانگرتووان دەتوانن لەبەردەم وەزارەتی دارایی عێراق داوای شایشتە داراییەکان بکەن، لەگەڵ ئەوەی پرسی شایستە داراییەکان لەگەڵ بەغدا یەکلاکراوەتەوە.

ئەو پەیامەی هۆشیار زێباری لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ  یەکشەممە، 09-02-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی خۆپیشاندانی هەندێک کەس لە هەولێر بۆ پشتگیریی لە مانگرتووانی سلێمانی، ڕایگەیاند "خۆپیشاندان، گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی دەربڕین، ڕێکاری یاسایی خۆیان هەیە، لە هەولێریش، کەس داوای مۆڵەتی نەکردووە تاوەکوو خۆپیشاندان بکەن یان مان بگرن."

پارێزگاری هەولێر گوتیشی:هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پشتی ئەو خێمەی سلێمانییەوە دەستی پێکردووە.