شۆڵتز: یەکێتیی ئەورووپا دەبێت بە یەکسانی وەڵامی ترەمپ بداتەوە

شۆڵتز: یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا هەنگاو بنێت، ئەگەر ئەمەریکا باج بسەپێنێت.
ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا باج لەسەر کاڵا ئەورووپیەکاندا بسەپێنێت، یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت لە ماوەی یەک کاتژمێردا هەنگاو بنێت.
لە دیبەیتێکی تەلەفزیۆنیدا شۆڵتز ڕایگەیاند، ستراتیجەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆکایەتیی نوێی ئەمەریکا، قسەی ڕوون و گفتوگۆی دۆستانە لەخۆ دەگرێت.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: نابێت خۆمان گێل بکەین، ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دەیڵێت مەبەستی سەپاندنی باجە، جەختی لەوە کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا دەبێت بە یەکسانی وەڵامی ترەمپ بداتەوە.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا هۆشداریی بە ترەمپ دابوو، یەکێتیی ئەورووپا بە توندی وەڵامی هەر هاوبەشێکی بازرگانی دەداتەوە کە باجی نادادپەروەرانە یان ئارەزوومەندانە بەسەر کاڵاکانی بسەپێنێت. جەختیشی لەوە کردەوە، پەیوەندیی بازرگانی و وەبەرهێنانمان لەگەڵ ئەمەریکا گەورەترین پەیوەندییە لە جیهاندا.
ترەمپ هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند، بەنیازە هەفتەی داهاتوو سەپاندنی باج بەسەر زۆرێک لە وڵاتان ڕابگەیەنێت، ئەمەش لە پەرەسەندنێکی گەورەی شەڕی بازرگانیدا.
ترەمپ ئاماژەی بەوە نەکرد کە کام وڵات زیانی باجەکان دەکەوێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵێکی فراوان دەبێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەکردنی کێشەکانی بودجەی ئەمەریکاش.
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە باج بەسەر یەکێتیی ئەورووپادا دەسەپێنێت و بە ئاماژەدان بە کردەوەی ئەورووپی دژی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای ئەمەریکی و کورتهێنانی گەورەی بازرگانی لە کاڵاکان.
ناوبراو وردەکارییەکانی نەخستەڕوو کە کەی ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێ دەکرێن، یان ئایا یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت دانوستان بکات بۆ لێخۆشبوون، وەک ئەوەی کەنەدا و مەکسیک کردوویانە.