پەرلەمانتارێک: لە سلێمانی ئەوەی ڕوو دەدات موزایەدەی سیاسییە

دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، شوان محەممەد، پەرلەمانتار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نەک بە تەنیا مووچەی مامۆستایان، بەڵکو مووچەی مانگی 12ی سەرجەم فەرمانبەران لەلایەن حکوومەتی بەغدا نەنێردراوە، پێش هەموومان حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو شەڕەی لەگەڵ بەغدا کردووە، کە نە کەس ئەو شەڕەی کردووە نە دەشیکات.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: کۆتا دانیشتنی شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێم، کە چووە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە و گەیشتنە ئەو ئاستەی کە ئیتر هەموو بابەتەکان کۆتایی بێت و 12 مووچەکە گرەنتی بکرێت و تەواوی مووچەی 12مانگی ساڵی 2025 بدرێت.
دەشڵێت: حکوومەتی هەرێم بە حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە کە مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێم لای ئەوانە. کە دەبێت یا چارەی بکەن یاخود قەرزییان پێ بدرێت، لە بودجەی 2025، هەروەها جگە لە 12 ترلیۆن دینار بۆ مووچە، نزیکەی زیاتر لە 6 ترلیۆن دینار، بودجەی هەرێمی کوردستان لای بەغدایە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: شاندی حکوومەتی هەرێم داوای مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی کردووە بەهەر شێوازێک بێت؛ وەکو مافیش فەرمانبەران مافی خۆیانە، بەڵام ئەوەی ڕوو دەدات لەگەڵ ئەجێندای سیاسیدا تێکەڵ بووە، لایەنەکانی سلێمانی دەستیان کردووە بە موزایەدەی سیاسی.
شوان محەممەد ڕاشیگەیاند "چەند مانگێکمان ماوە بۆ هەڵبژرانی پەرلەمانی عێراق، ئەوان دەیانەوەێ لە کاروانەکە جێ نەمێنن و هەموو لایەنەکان بەشدارن لەو موزایەدە، خەڵکی بەغدایان هێناوە بۆ خۆ پیشاندان لە پێناو بە دەستهێنانی دەنگ، لە سلێمانی بنەمایەکی زانستی نییە بۆ بەدەست هێنانی دەنگ، بە چەواشەکاری دەنگ کۆ دەکرێتەوە، خەڵک بە لاڕێدا دەبەن بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدات، خۆیان تێکەڵاوی ئەم بابەتە کردووە بۆ ئەوەی دەنگ کۆ بکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."