حەماس بۆ ترەمپ: غەززە موڵک نییە بیکڕیت و بیفرۆشیت

سەرەڕای ئیدانەکردنی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە پابەندە بە کڕین و خاوەندارێتیی کەرتی غەززە. بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ڕەنگە ڕێگە بە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوەی بەشێک لە خاکەکەی بکەن.
ئەمەش وای کرد حەماس جارێکی دیکە، وەڵامی ئەو لێدوانە بداتەوە و ئیدانەی بکات .
عیزەت ڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، پشتڕاستی کردەوە "فەڵەستینییەکان هەموو ئەو پلانانە هەڵدەوەشێننەوە کە مەبەستیان ئاوارەکردنیانە."
ناوبراو، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش داوە "غەززە موڵکێک نییە کە بتوانرێت بکڕدرێت و بفرۆشرێت، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین".
جگە لەوەش لێدوانەکانی ترەمپی سەبارەت بە کڕین و خاوەندارێتی غەززە بە شتێکی بێمانا وەسف کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕەنگدانەوەی نەزانییەکی قووڵە لە فەڵەستین و ناوچەکە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا لەناو فڕۆکە سەرۆکایەتییەکەدا ئەو پرسەی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند "هیچ شتێک لە غەززە نییە بگەڕێتەوە بۆی، هەموو شوێنێکی ڕووخاوە."
هەروەها بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو ڕێگە بە هەندێک پەنابەری فەڵەستینی بۆ چوونە ناو ئەمەریکا دەدات، بەڵام لەسەر بنەمای کەیس بە کەیس ڕەچاوی ئەو جۆرە داواکاریانە دەکات.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، ترەمپ بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی غەززەی لە لایەن ئەمەریکا و بەشداریکردنی هەوڵێکی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی خستەڕوو.
جارێک ترەمپ هەمان بیرۆکەی دووبارە کردەوە، باسی گواستنەوەی دانیشتوانی غەززەی بۆ وڵاتانی دیکە کردووە، دیارترینیان میسر و ئوردن، سەرەڕای ڕەت کردنەوەیان.
ئەمەش بووە هۆی ڕەخنەی دەستبەجێی چەند وڵاتێکی عەرەبی و ڕۆژئاوایی، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت.