پزیشکیان: نەیارانی ئێران خەیاڵیان خاوە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەخنە لە سەرۆکی ئەمەریکا دەگرێت و ترەمپ بە ناڕاستگۆ ناو دەبات و دەڵێت: ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمەریکا بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ناسەقامگیریی ناوچەکە، بەڵام خەیاڵیان خاوە ناتوانن چۆک بە ئێران دابدەن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 46ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران، لە مەیدانی ئازادیی تاران گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند "نەیاران هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکیدان لە ئێران، بەڵام بێئاگان لەوەی بە پشتیوانیی ڕابەری باڵا و فیداکاری خەڵک، خەونەکەیان لە گۆڕ دەنرێت."
پزیشکیان، لە گوتارەکەیدا، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گرت و گوتی: ترەمپ نیازی خۆی بۆ دانوستان دەردەبڕێت، کەچی لە هەمانکاتدا ئیمزا لەسەر سەپاندنی سزا و زیاتر گەمارۆدانی ئێران دەکات.
پزیشکیان گوتیشی: ترەمپ، ئێران بە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات، کەچی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمەریکا بووەتە هەڕەشەی سەرەکی و فاکتەری ناسەقامگیریی خەڵکی غەززە، لوبنان، سووریا و ئێران و هەر شوێنێکی بوێت بۆمبارانی دەکات.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند، دوژمنانی ئێران ناتوانن خەڵکی ئێران فریو بدەن، گوتیشی: هەر ناکۆکییەکی ناوخۆیی هەیە، دەبێت بە یەکەوە لە ژێر فەرمانی ڕابەری باڵای ئێراندا چارە بکرێن، چونکە ئێستا لە جەنگێکی تەواوی ئابووریداین و پێویستە وریا بین و نەکەوینە داوی نەیاران و ڕێگریی لە شێواندنی بازاڕی ناوخۆ بکەین.