محەممەدی حاجی مەحموود: پارتی و یەکێتی پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەت

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بە هەستکردن بە کاریگەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی ناوچەکە بپارێزن.
دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: پارتی و یەکێتی لە دانووستانەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت قۆناغی باشیان بڕیووە، هەروەها جەختی کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە بکەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەوەی بتوانن هەرێمی کوردستان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گۆڕانکاریانە بپارێزن.
محەممەدی حاجی مەحموود گوتی: نێوانی پارتی و یەکێتی هەندێ شتی ماوە، ڕەنگە لەم ڕۆژانەدا دووبارە دەست بە دانیشتنەکانیان بکەنەوە، لەسەر بابەتە سەرەکییەکان ڕێککەوتوون، هەندێ بابەتی هونەری ماوە کە ئەوانیش کۆتایی دێت.
گوتیشی: پارتی و یەکێتی هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە، بۆیە پێویستە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەت، پەرلەمان و سەرۆکایەتی ڕێک بخەن، جارێکی دیکە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرنەوە، سەرۆکی هەرێمیش داوا لە فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بکات حکوومەت پێکبهێنێت.