شەرع وردەکاریی ماوه‌ی زیندانیكردنی له‌ گرتووخانه‌كانی عێراق ئاشکرا کرد

ئەحمەر شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا
ئەحمەر شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ئاماژه‌ به‌ ورده‌كاریی ماوه‌ی زیندانیكردنی له‌ گرتووخانه‌ی ئه‌بو غرێب و گرتووخانه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌كات؛ ده‌شڵێت، ته‌نیا دوو ڕۆژ به‌ر له‌ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی سووریا ئازاد كراوه‌.

دووشه‌ممه‌، 10ـی شوباتی 2025، ئەحمەر شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا له‌ پۆدكاستێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌لیسته‌ر كامبڵ، گوته‌بێژی پێشووتری تۆنی بلێر، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری به‌ریتانیا گوتوویه‌تی، دایك و باوكی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسیی بوون له‌ عێراق، خۆیشی له‌ باره‌ی پرسه‌ سیاسییه‌كاندا وتاری ڕۆژنامه‌وانی بۆ ڕۆژنامه‌ سعوودی و سوورییه‌كان نووسیوه‌.

ئەحمەر شەرع ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، له‌ عێراق ده‌ستگیر كراوه‌ و پاشان ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ی ئه‌بو غرێب كراوه‌ كه‌ له‌وێ به‌ چاوی خۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانی گیراوه‌كانی بینیوه‌، دواتر بۆ گرتووخانه‌ی بۆكا و دوای ئه‌وێش بۆ گرتووخانه‌ی كوبه‌ر و دواجاریش بۆ گرتووخانه‌ی تاجی گواستراوه‌ته‌وه‌.

شەرع ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، له‌ گرتووخانه‌كانی عێراقدا چه‌ندین كه‌سایه‌تی ناسیوه‌ و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵدا په‌یدا كردوون، ته‌نانه‌ت گرتووخانه‌ بووه‌ شوێنی پێگه‌یاندنی سیاسی.

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا باسی له‌وه‌ كردووه‌، له‌ ماوه‌ی زیندانیكردنیدا زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر پلانه‌كانی بووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا، ته‌نانه‌ت تووشی شۆك بوو كاتێك دوور ڕۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گه‌لانی سووریا له‌ شوباتی 2011ـدا ئازاد كراوه‌.

شەرع ده‌شڵێت، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا دوو مه‌رجی پێشوه‌خته‌ی هه‌بووه‌، یه‌كه‌میان دووباره‌نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی عێراق له‌ سووریا، دووه‌میشیان به‌شدارینه‌كردنیان له‌ هیچ شه‌ڕێكی تائیفی، به‌ڵكوو هه‌موو توانایان بۆ شه‌ڕكردن له‌ دژی ڕژێمی ئه‌سه‌د بخه‌نه‌ گه‌ڕ.