سەرۆک وەزیران باس لە تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتەکان دەکات

لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەشداریی لە  پانێلێک دەبێت و قسە لەسەر تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتەکان دەکات.

لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، ئەمڕۆ سێشەممە 11ی شوباتی 2025، کاتژمێر 10:00 بەکاتی هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پانێلێکی گفتوگۆدا دەکات بە ناونیشانی (تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتەکان) کە لەلایەن عەبدوڵلا لوتاهـ، جێگری وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات بەڕێوە دەبرێت.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان گەیشتنە دوبەی.

شاندەکەی یاوەری سەرۆک وەزیران دەکەن، پێک هاتووە لە هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

 لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ئەمڕۆ سێشەممە لە دوبەی دەست بە چالاکییەکانی دەکات و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت .

بڕیاریشە لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای حکوومەت بەشداربووەکانی لووتکەکە هەبێت لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی و گەشەپێدان، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە.