ترەمپ: دەرگەی دۆزەخ بە ڕووی حەماسدا دەکەمەوە

ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، دەرگەی دۆزەخی بەڕوودا دەکەمەوە و چارەنووسی ڕێککەوتنی غەززەش هەڵدەوەشێنمەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کرد, ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس هەڵبوەشێنێتەوە و "ناوچەکە بکاتە دۆزەخ" ئەگەر حەماس تا ڕۆژی شەممە، 15 ی شوباتی 2025، ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە، دەستبەسەرن، ئازاد نەکات.
حەماس هەڕەشەی دواخستنی ئازادکردنی بارمتەکانی داهاتووی کرد، کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممەی داهاتوو ڕادەستیان بکات، هەروەها ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.
ترەمپ، لە ئۆڤاڵ ئۆفیس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەوەندەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە، ئەگەر هەموو بارمتەکان تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی شەممە ئازاد نەکرێن، ئەوا با ئیسرائیل ئاگربەستەکە هەڵوەشێنێتەوە و ناوچەکە بکاتە دۆزەخ. دەڵێم دەبێت تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی شەممە هەر هەموویان ئازاد بکرێن، ئەگەر تا کاتژمێر 12 ئازاد نەکرێن، ناوچەکە دەبێتە دۆزەخ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو دۆزەخەی غەززە دەگرێتەوە، ترەمپ گوتی: ئێوە خۆتان دەیبینن، ئەوانیش دەیبینن، حەماس دەزانێت مەبەستم چییە.
ئاماژەی بەوەش کرد "من بۆ خۆم قسە دەکەم، ئیسرائیل دەتوانێت پشتگوێی بخات، بەڵام بۆ من، دوا کات ڕۆژی شەممەیە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، دواتر دەرگەی دۆەخ دەکرێتەوە."
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.
7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە 8ـی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە و بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینی گەیشتووەتە 46 هەزار و 537 کەس، هەروەها 109 هەزار و 571 کەسیش بریندار بوون، زیاتر لە 11 هەزار فەڵەستینی بێ سەروشوێن بوون کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن.