سەرۆک وەزیران لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان: بەشێکی زۆری ئامانج و پلانەکانمان جێبەجێ کردووە

سێشەممە، 11-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان کە لە شاری دوبەی، لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت؛ بەشداریی لە پانێلێکدا کرد بە ناونیشانی (تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتەکان).
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی دەربڕی و هاوکات وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بارودۆخی ناوچەکە، کەرتی پەروەردە و چەندان پرسی دیکە دایەوە. مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەمانە، زۆر گرنگ بووە بۆ هاندانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی بیانی تاوەکوو بێن لە هەرێمەکەمان وەبەرهێنان بکەن و کاری بازرگانیی خۆیان بکەن."
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەوڵ دەدەین کێشە سیاسییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەر بکەین."
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە "لە نزیکەوە لەگەڵ کەرتی تایبەت کاردەکەین تاوەکوو بەردەوامیی بە چاکسازیی لە پرۆژە حکوومییەکاندا بدەین لە چوارچێوەی ئەو ئەجێندا و پلانەی کە هەمانە. دەتوانم بڵێـم، ئێمە سەرکەوتوو بووین لە بەدیهێنانی بەشێکی زۆری ئەو ئامانجانەی هەمانبوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە، زۆر ماوە تاوەکوو لە داهاتوودا ئەنجامیان بدەین."
بە گوتەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان "پێویستە خەڵک سەنتەری ئەجێندای کارەکانی هەر حکوومەتێکدا بێت ئەگەر بیەوێت لە پرۆژە و کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت. ئێمەش تەماشای خواستەکانی خەڵک دەکەین، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتیان بکەین، لەپێناو ئەمەشدا پێویستە چەند کارێک بکەیت؛ سازان و گفتوگۆ بکەین، لەبەرەی جیاوازدا بجەنگیت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بن. هەوڵمان داوە، باشی و تەندروستیی خەڵک لەبەرچاو بگرین."
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "گرنگە لە ئەزموون و چیڕۆکی سەرکەوتنی وڵاتانەوە فێر بین.. ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی ئێمە تەماشایان دەکەین و لێیانەوە فێر دەبین لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە چاکسازییەی لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێ کردووە."
پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بوو لە میانی پانێلکە و باسی لەوە کرد "بە دڵنیاییەوە باشترکردنی پرۆسەی پەروەردە لە کارە پێشینەکانی ئێمەدایە. کار دەکەین بۆ ئەوەی خوێندن و پەروەردەکردن لە هەرێمی کوردستان، بگاتە ئاستێکی نێودەوڵەتی. بە شانازییەوە چەندان زانکۆ و پەیمانگەی حکوومەتی و ئەهلی و نێودەوڵەتی لە هەرێمەکەمان هەن، زۆر لە دەرچووانمان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت کاردەکەن."