پەتای وەرزی بەربڵاوە و ڕۆژانە 150منداڵ بۆ چارەسەر دەبرێنە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین

ماوەی چەند هەفتەیەکە پەتای وەرزی زۆر بەچڕی لەنێو منداڵان بڵاو بووەتەوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات: ڕۆژانە 150منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان دەخەوێنرێن. 

سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، د. مەحموود محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان لە هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ماوەی دوو هەفتەیە پەتای وەرزی زۆر بە چڕی لەنێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە، هەرچەندە ساڵانە زووتر ئەم پەتایە لەنێو منداڵاندا بڵاو دەبووەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەرین، گوتیشی: ڕۆژانە 150منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان دەخەوێنرێن و 750 منداڵ بە مەبەستی ڕاوێژکاری سەردانمان دەکەن، بەشی زۆری نەخۆشەکان کێشەی هەوککردنی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە.

بەگشتیی نیشانەکانی پەتای وەرزی لەنێو منداڵاندا ئەمانەن:

تەڕ بوونی لووت، ئازاری قوڕگ، کۆکە، هەست بە ئازار و بێتاقەتی، پژمە،  تایەکی بەرز.

پزیشکان ڕێنمایی دایک و باوکان دەکەن منداڵەکانیان لە تووشبوون لەم نەخۆشییە بپارێزن بەوەی بەردەوام دەستی منداڵەکانیان بە سابوون بشۆن، بەردەوام  پاکوخاوێنی مەتبەخ و حەمامەکانیان پاک ڕابگرن. لە کەسی تووشبوو نزیک نەبنەوە و بەهیچ شێوەیەک کەوچک و پەرداخی کەسی توشبوو بەکارنەهێنن.