کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی کۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕانی دا

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری دا بە ڕاگرتنی ئەو کۆنگرەییەی بزووتنەوەی گۆڕان، کە تیمەکەی دانا ئەحمەد مەجید، بە نیازن لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بیبەستن.

سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، لەسەر سکاڵای ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕانی سەر بە باڵی چیا نەوشیروان مستەفا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری دا بە ڕاگرتنی ئەو کۆنگرەییە کە تیمەکەی دانا ئەحمەد مەجید، بە نیازن لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بیبەستن.

هەروەها کۆمیسیۆن، بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی بەشی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ ڕاوێژ لەگەڵ داواکاران بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ بەستنی کۆنگرەی گۆڕان.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، لە هۆڵێکی بۆنەکانی شاری سلێمانی ڕێوەڕەسمی ڕێزلێنان لە عومەری سەید عەلی بەڕێوەچوو، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی لە نێو بزووتنەوەکە بەڕێوە چوو.

بزووتنەوەی گۆڕانی باڵای کوڕانی نەوشیروان مستەفا، تا ئێستا دان بە هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجید، وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە نانێن، بۆیە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە سکاڵایان لەسەر بەستنی گۆنگرەی داهاتووی حزبەکە تۆمار کرد، کۆمیسیۆنیش رێکارەکانی بەستنی کۆنگرەی ڕاگرت تا ئەو کاتەی کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.