هاتووچۆی هەولێر لەبارەی جۆرێکی ئۆتۆمبێل هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: جۆرێکی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، کە ڕووکاری دەرەوەی لۆگۆی (MG) پێوەیە، بەڵام دیوی ناوەوەی لەسەر سوکانەکەی لۆگۆکەی (ROE WE)ـیە، ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە لەلای ئێمە تۆمار ناکرێت.
سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، لە بارەی جۆرێکی ئۆتۆمبێل، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: لە شاری هەولێر، ئێستا جۆرە ئۆتۆمبێلێک لە بازاڕەکان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، کە لە ڕووکاری دەرەوەیدا لۆگۆی ئۆتۆمبێلی (MG) پێوەیە. بەڵام لە دیوی ناوەوەی لۆگۆی (ROE WE) لەسەر سوکانەکەی هەیە، ئەوا ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە لای ئێمە تۆمار ناکرێت ژمارە و تابلۆی پێ نادرێت.
هاتووچۆی هەولێر، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، مامەڵەی تۆمارکردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە نەهێنن بۆبەڕێوەبەرایەتیەکەیان تا ئەو کاتەی کێشەکەیان لە بەڕێوە بەرایەتی گومرگ یەکلایی دەکرێتەوە.