ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە ترەمپ دەکات بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمەریکا کە گەورەترین بەشداربووی ڕێکخراوی تەندروستییە، بڕیاری کشانەوەی لەو ڕێکخراوە دا، دەبێت "پشتێنەکەی توند بکاتەوە".

تێدرۆس لە کۆتایی کۆبوونەوەی هەشت ڕۆژەی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوەکە لە جنێڤ گوتی: "پەشیمانین لە ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە نیازی کشانەوە، هیوادارین بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و پێشوازی لە گفتوگۆی بنیاتنەر" لەگەڵ واشنتن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجی ستراتیجی کە بریتین لە کۆکردنەوەی سەرچاوەکان و توندکردنەوەی پشتێنەکە.

دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی جێبەجێکردنی ئیمزاکرد، بۆ کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە پێشتر لە خولی یەکەمیدا ڕەخنەی توندی لێ گرتبوو بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا.

لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئەمەریکا هەنگاوی ناوە بۆ کشانەوەی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەڵام لە سەردەمی جۆو بایدن، ڕێچکەی پێچەوانە کردەوە.

جیرۆم والکۆت، وەزیری تەندروستیی باربادۆس و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: "بە ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناچار بووین ڕووبەڕووی واقیعی نوێ ببینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆرانەی ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، کۆبووینەتەوە و لەسەر 40 بڕیارنامە و تەنیا 7 بڕیار گەیشتینە ڕێککەوتن، بە ئامانجی بەهێزکردنی کارەکانمان و باشترکردنی تەندروستیی گشتیی.

بڕیارەکەی ترەمپ تیشکی خستە سەر پێویستی ڕێکخراوەکە بۆ دابینکردنی بودجەی پارێزراوتر و متمانەپێ کراوتر، دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر پشتی بە هاوکارییە خۆبەخشییەکان بەستبوو.

دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە پێشنیاری زیادکردنی کرێی ئەندامێتی بە ڕێژەی لەسەدا 20ـی کردووە بۆ ئەوەی لانیکەم نیوەی بودجەکەی تا ساڵی 2030 دابین بکات.