ناوەندی ئاشتی پێشانگای کتێبی لە هەولێر کردەوە

وێنەی بەشێک لە کتێبەکان
وێنەی بەشێک لە کتێبەکان

چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، ئاشتی شێرکۆ، سەرپەرشتیاری ناوەندی ئاشتی بۆ چاپ و بڵاوکراوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم پێشانگایە زیاتر لە چوار هەزار کتێبی کوردی و ئینگلیزی تێدا نمایش کراوە، ئەو کتێبە نوێیانەی لە پێشانگای نێودەولەتی سلێمانی نمایش کران، ئەمڕۆ لێرە نمایش کراوە.

ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت: "داشکان لە سەدا 20 بۆ زیاتر لە 30 کتێبەکان کراوە، کتێبەکان بریتین لە؛ ئایینی، زانستی ڕۆمان، مێژوو، گەشەپێدان و ئەوانەی کە خوێنەر خواستییەتی و بەدوایدا دەگەڕێت، لەم پێشانگایەدا نمایش کراوە."

دەشڵێت: "هاووڵاتی و گەنجان زیاتر ئەو بابەتانە دەخوێننەوە کە دەروونناسییە، بە تایبەت دەروونناسی تاریک و ڕەش، بابەتی گەشەپێدان و ڕۆمان و ئایینییەکان کە پڕ فرۆشترینیانن لە بازاڕ، هۆکارەکەشی ئێستە خەڵکی تۆزێک لە سۆشیال میدیا بێزار بووە، بەتایبەت دایک و باوکان، هانی منداڵەکانیان دەدەن کە دوور بکەونەوە لە سۆشیال میدیا کە جەنجاڵی لەسەر دەروونیان دروست کردووە و ئەوانەی تازە دەبنە خوێنەر زیاتر ئەو بابەتانە دەخوێننەوە."

ئاشتی شێرکۆ ڕاشیگەیاند، "ئەم پێشانگایە کاتژمێر 10:00 بەیانی دەکرێتەوە تاکوو 06:00 ئێوارە، بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە هۆڵی میدیا."