قەیرانی بێ کارەبایی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوتی ئێرانی بەرداوەتە گیانی یەک

قەیرانی بێ کارەبایی تەنگی بە دانیشتووانی زیاتر لە 10 پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە و گەورەتر بوونی گرفتەکەش هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوتی ئێرانی بەرداوەتە گیانی یەکتری.

جگە لە پارێزگاکانی تاران، کەرەج، خوراسانی باکوور، ئیسفەهان، ئەردەبیل، کرمان، سنە و ‌کرماشان، کە کارەبایان بە تەواوی بڕاوە، لە سنووری 21 پارێزگاکەی دیکەش گرفتی پچڕانی کارەبا بەشێوەی بەربڵاو لە شار و شارۆچکەکان هەیە، بەمەش ئێستا زیاتر لە 32%ـی دانیشتووانی ئێران بە تەواوەتی لە بێ کارەبایی بەسەر دەبەن.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران لە 24 کاژمێری ڕابردوودا، تارانی پایتەخت دووجار تووشی بڕانی کارەبای سەرتاسەری بووەتەوە، سەرەڕای ناڕەزایی دانیشتووانی پارێزگا بێ کارەباکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر یەک لە وەزارەتی نەوت و کارەبا بە دەرکردنی ڕوونکردنەوەی توند وەڵامی یەکتریان داوەتەوە.

لە بارەی قەیرانی بێ کارەبای، وەزارەتی نەوت کە دابینکاری سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکەیە، ڕوونکردنەوەیەکی توندی دەرکردووە و ڕایگەیاندووە، وەزارەتی کارەبا بەهۆی خراپ ئیدارەدانی سەرچاوەی سووتەمەنی نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست کارەبا بەرهەم بێنێت و ڕێگری لە فراوان بوونی قەیرانەکە بکات.

هەر لە ڕوونکردنەوەی وەزارەتی نەوتی ئێراندا هاتووە؛ وەزارەتی کارەبا لە بری ئەوەی پشت بە سیاسەتێکی دروست و گونجاو ببەستێت، هەوڵ دەدات کەمی سووتەمەنی بکاتە پاساوی سەرەکی بێ کارەبایی خەڵکی، ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سووتەمەنی زیاتر لە پێویست گەیەنراوە بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام وەزارەتی کارەبا بە شێواندنی ڕاستییەکان و نەبوونی پلان و سیاسەتێکی گونجاو لە ئیدارەدانی سووتەمەنی، هەوڵی چەواشەکاری دەدات.