مەسرور بارزانی: لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان سه‌كۆیه‌كه بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له ئیماراته و چاوی میدیای ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كه‌یه‌تی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چاوپێكه‌وتن و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و له باره‌ی پرس و بابه‌ته‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان بۆچوونه‌كانی وه‌رده‌گرن؛ هاوكات، سه‌رۆك وه‌زیران شه‌فافانه، دیدگه و بۆچوونه‌كانی ده‌خاته ڕوو و تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ندین ورده‌كاری له باره‌ی ئێستا و ئایینده‌ی كوردستان و ناوچه‌كه و پرسه هاوبه‌شه‌كان.
چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی "دوبه‌ی"ـی ئیماراتی سه‌ره‌تا خۆشحاڵی خۆی به‌و چاوپێكه‌وتنه ده‌ربڕی و دواتر له باره‌ی لووتكه‌ی جیهانیی حكوومه‌ته‌كان گوتی: ئه‌م لووتكه‌یه سه‌كۆیه‌كی ناوازه‌یه و چه‌ندین سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی جیهانی له‌خۆ گرتووه بۆ گفتوگۆ و تاوتوێكردنی پرسه گرنگه‌كان كه بوونه‌ته مایه‌ی دڵەڕاوکێ و گرنگیشن بۆ دانیشتووان و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی خاوه‌نشكۆ محه‌ممه‌د بن زاید ئال نه‌هیان و محه‌ممه‌د بن ڕاشید كرد بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بۆ له‌خۆگرتن و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه گفتوگۆ له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته گرنگانه‌وه بكه‌ن. گوتیشی: "من ئه‌مه چواره‌مین جاره به‌شداریی له‌م لووتكه‌یه‌دا ده‌كه‌م، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی زۆر باشه بۆ ئه‌وه‌ی چاوم به سه‌ركرده‌كان بكه‌وێت و ئه‌و پرسانه‌یان له‌گه‌ڵ گفتوگۆ بكه‌م كه بۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستان گرنگن و بۆچوونه‌كان سه‌باره‌ت به دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی بۆ ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه، ئاڵوگۆڕ بكه‌ین."
مه‌سرور بارزانی، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به پرۆسه‌كانی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان گوتی: "ده‌مه‌وێ له باره‌ی ئه‌زموونی ئێوه‌وه پێتان ڕابگه‌یه‌نم، ئێمه سوور و پێداگرین له‌سه‌ر سوودوه‌رگرتن له چیرۆكی سه‌ركه‌وتووی وڵاتانی دیكه كه هه‌مان ڕێگه‌یان گرتووه‌ته به‌ر. ئیمارات یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت له ئه‌زموونه‌كه‌ی فێر بین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له چ بوارێكدا ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه هاوكار بین. ڕاستییه‌كه‌ی ئێمه هاوبه‌شیی دروست ده‌كه‌ین و ته‌ماشای ده‌رفه‌ته‌كان ده‌كه‌ین؛ كه بێگومان، ئه‌م ده‌رفه‌تانه بوارمان پێ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كاندا گفتوگۆ بكه‌ین و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه له په‌یوه‌ندیدا بین كه بایەخ به بواری وه‌به‌رهێنان ده‌ده‌ن له كه‌رته جیاجیاكانی پیشه‌سازی و كه‌رته‌كانی دیكه. ئێمه پێویستمان به هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه‌یە له ماوه‌یه‌كی كورتدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌یوه‌ندیی به هه‌موو سه‌رۆك و سه‌ركرده سیاسییه‌كان و بزنسمانه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه چاره‌سه‌ر، یان لانی كه‌م په‌سندكردنی بیرۆكه پێشنیازكراوه‌كان كه ده‌كرێت باشترینیان له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كاندا هه‌ڵبژێرین."
سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌سرور بارزانی، سه‌باره‌ت به پلانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ژێرخانی وزه‌ی نوێبووه‌وه و ته‌كنه‌لۆجیا و ژیریی ده‌ستكرد له كه‌رتی گشتیدا، گوتی: "ئێمه كارمان كردووه بۆ فره‌چه‌شنكردنی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له كه‌رته جیاوازه‌كاندا، كه وزه و یه‌كێكه له‌م كه‌رتانه‌ی كاری ڕژدمان له‌سه‌ر كردووه و وزه‌ی نوێبووه‌ش یه‌كێكه له‌و كارانه‌ی سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لە هه‌رێمی كوردستان بە کاری بهێنین. هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوه‌تی پێویستی به وزه هه‌یه، هاوكات پێویستی به كاره‌با و باشتر به‌ڕێوه‌بردنی ئاو و سه‌رچاوه و كانزاكان هه‌یه، هاوكات كه‌رتی گه‌شتوگوزار و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده، بواره‌كانی دیكه‌ن كه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان پێویستمان به‌وه‌یه وه‌به‌رهێنانی زیاتریان تێدا بكه‌ین؛ ڕاستییه‌كه‌ی توانیویشمانە وه‌ربه‌رهێنانیان تێدا بكه‌ین و سه‌ركه‌وتووش بووین. پرۆسه‌كه نه‌وه‌ستاوه و مه‌به‌ستمانە وه‌به‌رهێنانی زیاتریش بكه‌ین و خواستمانه ده‌ستكه‌وتی زۆر زیاتر به ده‌ست بهێنین. له باره‌ی ته‌كنه‌لۆجیاوه، به پێی توانا هه‌وڵمان داوه ژێرخانێك دروست بكه‌ین و له هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا كاری باشمان كردووه بۆ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیسته‌م، بۆیه به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی حكوومه‌ت یه‌كێكه له بواره جێبایەخەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پلانی پێویستمان داناوه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سوود له ئه‌زموونی ئه‌وانی دیكه وه‌ربگرین."
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی وزه‌ی به‌رده‌وامه‌وه گوتی: "ئه‌م بابه‌تێكی گرنگه به‌تایبه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، ڕاستیدا غاز و ده‌ردانی غاز له بیره نه‌وته‌كانه‌وه، هاوتەریبن و بۆ وزه ده‌گۆڕێن، ئێمە لە هەرێمی کوردستان توانیومانە غازی بەفیڕۆچوو وەربگرین و کارەبای لێ بەرهەم بهێنین. جیا لەمەش، زۆر بواری دیکە هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان کاریان لەسەر دەکەین و هانیان ده‌ده‌ین بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانیان تێدا بڕەخسێنین، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه، به‌ڵكوو سه‌رنج ده‌خه‌ینه سه‌ر وزه‌ی خۆر وه‌كوو ئاڵته‌رناتیڤی وزه‌ی باو و كلاسیكی. هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت سوود له وزه‌ی به‌نداوه‌كان وه‌ربگرین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش توانیومانه به‌نداو دروست بكه‌ین بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و پاراستنی ژینگە و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وەی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و لە کەرتی کشتووکاڵیشدا سوودیان لێ وەربگرین."
سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له باره‌ی داهاتووی كوردستان له ده‌یه‌ی داهاتوودا، دیدگه و تێڕوانینی خۆی خسته ڕوو و گوتی: "کوردستان به‌م شێوه‌یه دەبینم کە ناوێکی نوێ دەبێت لەسەر نەخشەی وڵاتە پێشکەوتووەکان. ئومێده‌واریشین به هاوكاریی هه‌موو دۆسته‌كانمان ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ كوردستان به ده‌ست بهێنین، كه لە ڕاستیدا كوردستان ده‌توانێت ببێته شوێنێكی سه‌قامگیر بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕووی تێ ده‌كه‌ن ئەمه‌ش بەهۆی ئه‌و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌یه‌تی. بۆیه ده‌كرێت زیاتر پێشكه‌ش بكه‌ین، لەبەر ئەوە ئومێد دەکەین هەرێمی کوردستان لە ساڵانی داهاتوودا لە ئاستێكی جیاوازدا بێت.