تورکیا و گرووپە چەکدارەکان ناهێڵن ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

ئاوارەکانی شارۆچکەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی، ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە، هەروەها گەمارۆیەکی توندیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا و گرووپی سوپای نیشتمانیی سەر بەتورکیا بەسەردا سەپێنراوە، کە ڕێگرییان لێ دەکەن بچنە دەرەوە یان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەمە لە کاتێکدایە (ناوچەی ئارام) کە سەرێ کانی و گرێ سپیی دەگرێتەوە، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک، پەروەردە و زانکۆکان گیرۆدەیە، هەروەها هەواڵگریی تورکیا بەردەوامە لەدەستگیرکردنی خەڵک، تەنانەت ئەندامانی ئەو گرووپەش دەستگیر دەکات کە سەر بە ئەوانن و هاوکارییان دەکەن.
ئاوارەیەکی غوتەی ڕۆژهەڵات بەناوی "ع.أ"، کە لە دوای ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام لە شاری سەرێ کانی نیشتەجێیە، دەڵێت: کوڕەکەم ئەندامی یەکێک لە گرووپە سەربازییەکانە، هەوڵی دا لە سەرێ کانی بچێتە دەرەوە بۆ پشکنین و بینینی ماڵەکەمان لە غوتە، بەڵام هەواڵگریی تورکیا بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە دەستگیریان کرد.
گوتیشی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئازادکردنی و ڕێگەمان پێبدەن بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.
ئاوارەیەکی دیکە بەناوی (م.خ) دەڵێت: ترس باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە، سەقامگیری، زانکۆ، ژیانی ڕۆژانە، هیچ شتێک نییە، پێویستە سوپای تورکیا بچێتە دەرەوە. ڕێگامان بۆ بکرێتەوە تاکوو هەموومان بە ئارامی بگەڕێینەوە ماڵەکانمان.