بەرگریی شارستانیی هەولێر: قوربانییەکی ئاگرەکەی گەڕەکی گەلاوێژان گیانی سپارد

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکێ لە قوربانییەکانی ئاگرەکەی گەڕەکی گەلاوێژانی شاری هەولێر، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی سپارد.

چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەبارەی ئاگرەکەی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لە گەڕەکی گەلاوێژانی شاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بەهۆی دووکەڵی ئاگرەوە بە بێهۆشی گەیەندرایەوە نەخۆشخانە، دوای نزیکەی چوار ڕۆژ مانەوە لەبەشی چاودێریی چڕ، ئەمڕۆ گیانی سپارد.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئافرەتەکە بە ڕەگەزنامە سووری بوو، هەروەها تەمەنی 29 ساڵ بوو، بۆ مەبەستی کارکردن هاتبووە شاری هەولێر.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: بەهۆی سۆپاوە، ئاگر لە شوقەیەکی گەڕەکی گەلاوێژانی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانیان سێ هاووڵاتی لەگەڵ پشیلەیەک لەنێو ئاگرەکە ڕزگار بکەن.