وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئەڵمانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئەمڕۆ دەگاتە ئەڵمانیا و بڕیاریشە دواتر گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ بکاتەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پێگەی فەرمی خۆی پێنجشەممە 13ی شوباتی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، مارکۆ رۆبیۆ لە ئەڵمانیا، جیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوتیش دەکات و پەیام و سیاسەتی نوێی وڵاتەکەی بە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت. 

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕوبیۆ بە گەشتێکی چوار ڕۆژە لە 15 تا 18ی شوبات، سەردانی ئیسرائیل و سعوودییە و ئیمارات دەکات. 

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەجێندای سەردانەکە پەرەپێدانی پەیوەندیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و سەقامگیری و ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی ڕوبیۆ سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەستە بە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی دەستی حەماس و جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی غەززە، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ئێران و دەست پێوەندەکانی.